رووداو - سلێمانی
یەکێک لە بۆرییە سەرەکییەکانی گواستنەوەی ئاو بۆ ناوشاری سلێمانی لە وێستگەی سەرچنار شکا و بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی ئەو شارەیش دەڵێت، بەهۆی رزیوی و کۆنییەوە شکاوە و زیانێکی زۆری بە پرۆژەکە گەیاندووە.
پێشنیوەڕۆی رۆژی یەکشەممە 2020/07/05 بەهۆی کۆنی و رزیوییەوە یەکێک لە بۆرییەکانی ئاوگواستنەوە لەنێو پرۆژەی ئاوی سەرچنار شکا و زیانی بەهۆڵەکانی نێو پرۆژەکە و بەشی کارەباکەی و دەوروبەری گەیاند.
بەهۆی شکانی ئەو بۆرییەوە بۆ ماوەی هەفتەیەک سەرجەم گەڕەکەکانی ناوەندی سلێمانی بێئاو دەبن، بەڵام دابەشکردنی ئاو لە گەڕەکەکانی قڕگە، کوردسات، هەواری شار و قەزا و ناحیەکانی چەمچەماڵ و شۆڕش و بازیان و تەکیە و گۆپاڵە بەردەوام دەبێت.
ئامانج جەلال، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بۆرییەکە بەهۆی رزیوی و کۆنییەوە شکاوە و زیانێکی زۆری بە پرۆژەکە گەیاندووە و ئێمە چاوەڕێ دەکەین لە ماوەی حەوت رۆژدا چاکی بکەینەوە. ئێستایش کۆمەڵێک کارمەندمان هێناوە بۆ ئەوەی بۆرییەکە چاک بکەنەوە و کێشەکە ئەوەیە کە بەهۆی شکانی ئەو بۆرییەوە ئاو چووەتە ناو بەشێک لە ئامێرەکانی ئاوگواستنەوە و بەردەوام دەبین لە چاککردنەوەی پرۆژەکە".
بەڕێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانی کۆمەڵێک تیمی بردووەتە سەر پرۆژەکە بۆ ئەوەی بە زوویی بۆرییەکە چاک بکەنەوە. کێشەی سەرەکییان نەبوونی پارەی پێویستە و پارێزگاری سلێمانییش داوای بڕێک پارەی پێویست دەکات.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی بە روداوی راگەیاند، "بەڕێوبەرایەتیی ئاوی سلێمانی داوای بڕی 50 بۆ 100 ملیۆن دینار دەکات بۆ ئەوەی بەخێرایی بۆرییەکە چاک بکەنەوە و پرۆژەکە وەگەڕ بخنەوە و ئێمەش داواکارین لە ماوەیەکی نزیکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو بڕە پارەیەیان بۆ دابین بکات و هەروەها ئەو دەرماڵەیەی کارمەندان هەیانە پێیان بدات، چونکە ئەمڕۆ ئەگەر کارمەندان و ئەندازیارەکانی بەڕێوبەرایەتیی ئاو نەبوونایە کارەساتێکی گەورە روویدەدا".
بەهۆی شکانی ئەو بۆرییەوە نزیکەی 80 گەڕەکی سلێمانی تووشی بێئاوی بوون. بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سلێمانی داوا لە دانیشتووانی ئەو گەڕەکانە دەکات ئەوەندە ئاوەی لە تانکییەکانیاندا هەیە دەستی پێوەبگرن و بۆکاری زۆر پێویست نەبێت ئاوی تانکییەکانیان بەکار نەهێنن.
هاونیشتمانییانی ئەو گەڕەکانە ناچارن لەکاتی نەمانی ئاودا لەو تانکەری ئاوانەی بکڕن کە لە کارێز و پرۆژە ئاوییەکانەوە بە 10 بۆ 20 هەزار بۆیان دەهێنن.
هاوکات درەنگانێکی ئەمشەو هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوە دا، دەست بە چاککردنەوەی بۆریی سەرەکیی ئاوی سلێمانی کراوە و بۆ ئەوەی هاونیشتمانییان بەبێ ئاو نەبن، بەشێوەیەکی کاتی بەشێکی گرنگی وێستگەکەیان خستووەتەوە گەڕ و لە سبەینێوە کێشەی زۆر شوێنی ئەو شارە چارەسەر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ