رووداو دیجیتاڵ
بەرگریی شارستانیی سۆران کۆتایی بە گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەهێنێت، کە سێ مانگ لەمەوپێش کەوتە نێو رووبارێک. خاڵی ئاڤێستا دەڵێت، "نوێژی مردووی بە غائیب لەسەر دەکەین، بەڵام پرسەی بۆ دانانێین."
دوای 90 رۆژ لە هەوڵدانی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئەمڕۆ شەممە 05-07-2025 دوایین رۆژی گەڕان بەدوای تەرمی ئاڤێستادا دەبێت، کە 5ی نیسان لە سنووری قەزای مێرگەسۆری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کەوتە نێو رووباری تەنگاتوور.
فەخرەدین، خاڵی ئاڤێستا لە نزیک رووباری شانەدەر بە ئەندام جەبار، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "دوای تەواوبوونی ئەرکی تیمەکانی بەرگریی شارستانی، ئێمە هەر دەمێنینەوە و لە گەڕان بەردەوام دەبین."
پێشتر کاروان میراودەلی، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی سۆران بە رووداوی راگەیاندبوو، 5ی تەممووز دەست لە گەڕان هەڵدەگرن و لەسەر ئەنجامی گەڕانەکە لە ماوەی ئەو سێ مانگەدا راپۆرتی کۆتایی پێشکێشی لایەنی پەیوەندیدار دەکەن.
بە گوتەی خاڵی ئاڤێستا، بەنیازن ئەمڕۆ نوێژی مردووی بە غائیبی لەسەر بکەن، ئەوەش "وەکو رێزێک بۆ ئەو هەوڵ و ماندووبوونەی خەڵکی شانەدەر و ئەو ناوچەیە هەیانبووە، دەمانەوێت سوپاس و پێزانینی خۆمان رابگەیێنین و لە نوێژەکەشدا لەگەڵمان بەشدار بن."
فەخرەدین ئاماژەی بەوەش کرد، لە هەولێریش نوێژێکی مردوو بە غائیبی بۆ ئاڤێستا دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا رۆژەکەی دیاری نەکراوە.
خاڵی ئاڤێستا دەڵێت، جگە لە نوێژی مردوو بە غائیبی، هیچ پرسەیەک بۆ کچەکە دانانرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، ئەمڕۆ هەوڵەکانی گەڕان بەراورد بە رۆژانی رابردوو چڕتر کراونەتەوە و زیاتر لە 100 کارمەندی بەرگریی شارستانی بەسەر رووباری شانەدەردا بڵاوەیان پێکراوە و چەندین تەکنیکی جۆراوجۆری گەڕان بۆ دۆزینەوەی تەرمی ئاڤێستا بەکاردەهێنرێت.
بڕیارە کاژێر 07:00ی ئێوارە پڕۆسەکە کۆتایی بێت، بەرگریی شارستانیی سۆران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئەنجام و وردەکاریی گەڕانی سێ مانگی رابردوو رابگەیێنن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ