هاتووچۆی هەولێر: هاووڵاتی ناچار ناکرێت تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی پێش بەسەرچوونی ساڵیانە نوێ بکاتەوە

05-10-2025
ژیڤان بەکر
ژیڤان بەکر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

هاتووچۆی هەولێر دەڵێت، دەنگۆی ناچارکردنی هاووڵاتی بە نوێکردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی راست نییە. دەشڵێت، هاووڵاتی ئەو کاتە "نوێی دەکاتەوە کە ساڵیانەکەی بەسەرچووبێت یان خۆی بیەوێت."
 
ئەمڕۆ یەکشەممە 05-10-2025 بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆی هەولێر رایگەیاند، "لە دوێنێوە هەواڵێک لە زۆربەی سایت و پەیجە عێراقییەکان بڵاوکراوەتەوە کە گوایە هاتووچۆ ئەو هاووڵاتییانە ناچاردەکات کە تابلۆکانیان کۆنە، بە تابلۆی تازە بگۆڕن، ئەگەرنا سزا دەدرێن."
 
بەگوێرەی هاتووچۆی هەولێر، ئەم هەواڵە بووەتەهۆی نیگەرانی و دڵەڕاوکێی هاووڵاتیان. بەڕێوەبەرایەتییەکە دووپاتی دەکاتەوە ئەو هەواڵە راست نییە و کەس ناچار ناکرێ تابلۆی ئۆتۆمبێلەکەی بگۆڕێت.
 
لەبارەی تازەکردنەوەی تابلۆی ئۆتۆمبێلەوە هاتووچۆی هەولێر روونیکردەوە، "ئۆتۆمبێل تاوەکو ئەو کاتەی ساڵیانەکەی بەسەردەچێ تابلۆکەی نوێ ناکاتەوە. کاتێک ساڵیانەکەی تازە دەکاتەوە، تابلۆکەشی دەگۆڕدرێت."
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە دەشڵێت، "ئەگەر کەسێک بە ویستی خۆی پێش بەسەرچوونی ساڵیانەکەی بیەوێ تابلۆکەی بگۆڕێ یان تابلۆکەی شکابێ، دەتوانێت سەردانمان بکات بۆ ئەوەی تابلۆکەی بگۆڕێت."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە