رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن دەڵێ، بەکارهێنانی دامەزراوە حکومییەکان و شوێنە ئایینییەکان بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراق قەدەخەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''ئەگەر بەربژێران سۆشیاڵ میدیا بۆ بانگەشە خراپ بەکاربهێنن"، رێکاریان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
ئەمڕۆ یەکشەممە 05-10-2025، نەبەرد عومەر، سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداوی لە هەولێر راگەیاند، بە وردیی چاودێریی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە سۆشیاڵ میدیا دەکەن و بە ''تووندترین شێوە'' سزای ئەو بەربژێرانە دەدرێ کە پابەندی رێنماییەکانی کۆمیسیۆن نابن.
بەگوتەی نەبەرد عومەر، بەکارهێنانی وشەی نەشیاو و ناوزڕاندن لەلایەن بەربژێرانەوە لە سۆشیاڵ میدیا قەدەخەیە و ''لە ئەگەری پشتڕاستبوونەوەی سەرپێچیی بەربژێرێک"، رێکاری بەرامبەر دەگیرێتەبەر.
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن گوتی، سێ جۆری سزا بۆ سەرپێچیکردنی بەربژێران لە رێنماییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردن دیاریکراوە کە بریتین لە پێبژاردن، بەندکردن و دوورخستنەوە.
نەبەرد عومەر ئاماژەی بەوەش کرد، هێڵی گەرمی 119ـیان داناوە ''بۆ ئەوەی ئەگەر بەربژێرێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەژمارێکی بە ناو کرایەوە، پەیوەندی بە هێڵەکەوە بکات و بە زووترین کات بە هانایانەوە بچن و دایبخەن.''
سەرۆکی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆن گوتیشی، نابێ بەربژێران دامەزراوە حکومییەکان، شوێنە ئایینییەکان و ئۆتۆمبێلی حکومی بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاربهێنن.
سەبارەت بە سزاکان، دوێنێ شەممە عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی میدیایی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە رووداوی راگەیاند: "سزای دارایی لە یەک ملیۆن دینارەوە تاوەکو 50 ملیۆن دینارە، لەگەڵ سزای زیندانیکردن لە یەک مانگەوە تاوەکو ساڵێک. ئەگەر سەرپێچییەکە گەورە بێ، ئەوا بەربژێرەکە دووردەخرێتەوە. ئەو رێکار و سزایانە تاوەکو راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن بەردەوام دەبن."
رۆژی 3ی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەستی پێکرد کە بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بەڕێوەبچێت.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ناوی 7768 بەربژێری پەسند کردووە بۆ ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا رکابەری بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ