رووداو دیجیتاڵ
یەکەمین دیداری پەیماننامەی جیهانیی کۆچ لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، بە ئامانجی پێشخستنی حوکمڕانیی کۆچ و تێکەڵکردنی ستراتیژییە نیشتیمانییەکان لەگەڵ بنەماکانی پەیماننامەکە.
پەیماننامەی جیهانیی کۆچ یەکەمین رێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە ساڵی 2018 پەسند کراوە بۆ چارەسەرکردنی گشتگیر و هاوبەشی پرسەکانی کۆچی نێودەوڵەتی.
لە دیدارەکەدا، گەنجانی گەڕاوە لە رێگەی کۆچ نەهامەتییەکانیان گێڕایەوە. باوان عەلی، گەڕاوەیەک لە لیبیا، لەسەر ستەیج باسی ئەزموونی تاڵی خۆی کرد، لەدوای کەوتنە داوی قسە و باق و بریقەکانی قاچاخچی، گوایە لە رێگەی لیبیاوە دەگاتە ئەوروپا.
لەو بارەیەوە ئەحمەد سەحاف، هەڵسووڕێنەری باڵیۆزخانەی عێراق لە تەرابلوس، هۆشداریدا و رایگەیاند، لیبیا بووەتە "رێگە ترێندەکەی" کۆچ و مەترسییەکانی تەنیا لە دەرنەچوون و مردن تێپەڕیوە، بەڵکو گەورەترین مەترسی بریتییە لە "فرۆشتنەوەی گەنجە کۆچبەرەکان بە بازرگانەکانی جەستە و ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ."
یەکێک لە گەنجانی دەڤەری راپەڕین، کە تەمەنی 18 ساڵە و کەوتبووە داوی قاچاخچی، لە جیاتی گەیشتن بە ئەورووپا، 29 رۆژ ئەشکەنجەی بینی.
محەممەد رەفیق، گەڕاوەیەکی دیکە بوو لە ئەڵمانیا، نەهامەتییەکانی کۆچی هێنایە سەر ستەیج. محەممەد دوای پێنج ساڵ مانەوە لە ئەڵمانیا، لە مانگی 11ی ساڵی رابردوو بە بڕیارێکی لەناکاو دیپۆرتی بەغدا کرابووەوە، ئێستاش خەریکە لە سفرەوە دەست بە ژیانی دەکاتەوە.
پاسکاڵ رێتینجیز، سەرۆکی نێردەی رێکخراوی نێودەوڵەتیی کۆچ (IOM) لە عێراق و رێکخەری تۆڕی کۆچ لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە گرنگی ئەم دیدارانە کرد بۆ یەکخستنی کارەکانی حکومەت لەگەڵ ئامانجەکانی پەیماننامەی جیهانی. دیداری ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ