رووداو - هەولێر
فەرمانداری گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە رایدەگەیێنێت "بەقۆناخێکی مێژوویدا تێدەپەڕین و پێویستە پێکەوە بڕیاربدەین"، داواش لە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان و سەرۆک بارزانی بەتایبەتی دەکات پێکەوە کاربکەن بۆئەوەی ئەم قۆناخە لە بەرژەوەندی گەلی کورد سەرکەوتوووانە تێپەڕێنن.
مەزڵووم کۆبانێ، فەرماندەی گشتیی هەسەد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "داواکاریمان لە بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان بەتایبەت سەرۆک بارزانی ئەوەیە رۆڵێکی ئەرێنیان هەبێت، بۆ ئەوەی بزووتنەوەی کوردی ببێتە یەک لەم بەرخۆدانە".
مەزڵووم کۆبانێ دەڵێت، بۆ ئەو مەبەستە چاومان بە نوێنەری تەواوی لایەنە سیاسیەکانی رۆژئاوای کوردستان کەوتووە و لەگەڵیان کۆبووینەتەوە، رای ئەوان ئەرێنی بووە و گوتوویانە چیان بکەوێتە سەرشان بۆ ئەنجامدانی ئامادەن.
کۆبانێ ئاماژەی بەوەشکرد "رۆژئاوای کوردستان بە دۆخێکی تایبەتدا تێدەپەڕێت، تورکیا هێرشی دەستپێکردووە و هەندێک هاوسەنگی نێودەوڵەتی دروستبوون. هێزە نێودەوڵەتیەکان لە هەرێمەکە بوونیان هەیە، دانووستاندن لەگەڵ هەموو لایەک ئەنجامدەدەین، لەو چوارچێوەیەش لەگەڵ ئەمریکی و رووسییەکان و حکومەتی سووریاش دانووستاندن ئەنجامدەدەین".
بە گوتەی فەرماندەی گشتی هەسەدە دۆستی کورد هەیە و دەیانەوێت دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان پارێزراوبێت لەو بارەوە رایگەیاند، "ئەو لایەنانەی دەیانەوێت گەلی کورد لەنێوبەرن، کۆمەڵکوژی ئەنجامبدەن و کورد لە زێدی خۆیان دەربکەن، دەوڵەتی تورکیا و جیهادییەکان و ئەو شۆڤێنیانەن، کە لەگەڵیاندان، بەڵام ئێمە کەسانی دۆستمان هەن و دەیانەوێت دەستکەوتەکانی شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان پارێزراوبێت و گەلی کورد بە مافەکانی خۆی بگات. بۆیە دەڵێم ئێمە بە قۆناخێکی مێژووییدا تێدەپەڕین".
مەزڵووم کۆبانێ دەڵێت پێویستە بڕیاری مێژوویی بدەین، "ئەو بڕیارانەی پەیوەندی بە چارەنووسی گەلەکامانەوە هەیە، وەکو هێزەکانی سووریای دیموکرات دەمانەوێت تەواوی بزاڤی سیاسی لەگەڵمان بن و پێکەوە بڕیاربدەین. هەر بڕیارێک بۆ بەرژەوەندی گەلەکەمان بیدەین نامانەوێت وەکو هێزەکانی سووریای دیموکرات تەنیا ئێمە بڕیاربدەین، بەڵکو دەمانەوێت تەواوی بزووتنەوەی سیاسی گەلی کورد لە رۆژئاوا (رۆژئاوای کوردستان)بەیەکەوە بڕیاربدەین".
فەرماندەکەی هەسەدە، دۆخی ئێستای رۆژئاوای کوردستانی بە گرنگ ناوبرد و گوتی "لە رۆژانی ئایندەمان هەر کەس لەئاستی خۆیەوە دەستبخاتە ژێر بەردێک و بەرزیبکاتەوە و فیداکاری خۆی نیشانبدات، بۆئەوەی بتوانین یەک گوتاری کوردیمان هەبێت. هەڵوێستی کورد یەکبخەین و بڕیاری کورد بکەینە یەک، تەواوی بزاڤی سیاسی کورد لەگەڵ هیزەکانی سووریای دیموکرات بەیەکەوە بڕیاری دروست بۆ بەرژەوەندی گەلەکەمان بدەین".
لەبارەی داواکارییان بۆ هاوکاریکردنیان لەلایەن هەرێمی کوردستان، مەزڵووم کۆبانێ رایگەیاند "هەڵبەتە بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان لەو بابەتەدا رۆڵێکی گرینگیان هەیە، ئێمە دەزانین زۆر لایەنی کورد ئەوانەی گوێیان لێدەگیرێت لەگەڵ ئەواندان، داواکاریمان ئەوەیە بەڕێوەبەرانی باشووری کوردستان بەتایبەت سەرۆک بارزانی رۆڵێکی ئەرێنیان هەبێت لەم قۆناخەی ئێمە کاری لەسەردەکەین بۆئەوەی بزووتنەوەی کوردی ببێتە یەک لەم بەرخۆدانە دا".
ئێوارەی ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی لە میانی بەشداریکردن لە پانێڵێکی ئینیستیتیوتی مێری باسی پەیوەندی خۆی و مەزڵووم کۆبانێی کرد و گوتی، لە پەیوەندی بەردەوامداین:
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ