رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردندا بایی زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار دۆلار پۆستی سیاسی لە مێتا سپۆنسەر کراوە، زیاتر لە 280 هەزار دۆلاری لە هەرێمی کوردستان بووە. باڵی سیاسیی "گرووپەکانی نزیک لە ئێران" یەکەمی عێراقن، پارتی و یەکێتیش لە هەرێمی کوردستان یەکەم و دووەمن لە خەرجکردنی پارە لەو جۆرە بانگەشەیەدا.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا خاوەندارێتیی پلاتفۆڕمەکانی فەیسبووک، ئینستاگرام و وەتسەپ دەکات و سناپچاتیش دەکات، لە رۆژی دەستپێکردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، 03ـی تشرینی یەکەم بۆ 1ـی تشرینی دووەم لە عێراق بایی ملیۆنێک و 808 هەزار و 957 دۆلار پۆستی سیاسی سپۆنسەر کراون.
هاوپەیمانیی عەزم یەکێکە لەو لیستانەی کە بەربژێرانی لە لیستی 10 یەکەمەکەی عێراقدان لە خەرجکردنی زۆرترین پارەی سپۆنسەری سیاسی، عەزام حەمدانی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێشهاتێکی بەرچاو و کاریگەرن لە بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئاستی جیهاندا بۆیە ئێمەش گرنگی پێدەدەین".
باسی لەوەشكرد، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نوێنەرایەتیی پەیوەندییەکی چارەنووسساز دەکەن لە نێوان دەنگدەران و بەربژێراندا، ئەمەش رێگە بە دەنگدەران دەدات بە ئاسانی دەستیان بە بەرنامەکانی هەڵبژاردن بگات و هاوبەشی بکەن.
پارەی خەرجکراو لە سپۆنسەری پۆستی سیاسی دا بەپێی پارێزگا:
بەغدا
479 هەزار و 852 دۆلار
نەینەوا
168 هەزار و 804 دۆلار
سلێمانی
118 هەزار و 786 دۆلار
هەولێر
109 هەزار و 635 دۆلار
بەسرە
109 هەزار و 424 دۆلار
زیقار
104 هەزار و 670 دۆلار
بابل
102 هەزار و 913 دۆلار
نەجەف
97 هەزار و 823 دۆلار
دیالە
80 هەزار و 362 دۆلار
کەرکووک
71 هەزار و 192 دۆلار
واست
64 هەزار و 129 دۆلار
کەربەلا
62 هەزار و 518 دۆلار
دیوانیە
62 هەزار و 495 دۆلار
سەڵاحەدین
58 هەزار و 569 دۆلار
ئەنبار
50 هەزار و 55 دۆلار
دهۆک
46 هەزار و 28 دۆلار
میسان
45 هەزار و 974 دۆلار
موسەنا
40 هەزار و 375 دۆلار
هەڵەبجە
5 هەزار و 835 دۆلار
باڵی سیاسیی گرووپە چەکدارەکانی عێراق یەکەمن لە خەرجکردنی پارەی سپۆنسەری پۆست، سێ پەیجی بزووتنەوەی حقووق کە باڵى سیاسیى کەتیبەکانى حیزبوڵڵاى عێراقە لە خەرجکردنی زۆرترین پارەی سپۆنسەردا سێ یەکەمی عێراقن، پێکەوە بایی 53هەزار و 644 دۆلار سپۆنسەرییان کردووە.
ئەو پەیجانە لە کاتێکدا لە پلەی یەکەمی عێراقدان، بەڵام لەلایەن مێتاوە داخراون، چونکە لە ریزی رێکخراوە " تیرۆستییەکان"ـی ئەمریکان، لە سەرەتای ئەم مانگەدا بەشێوەیەکی رێکخراو سەرجەم پەیجەکانی بزووتنەوەی حقووق کە ژمارەیان زیاتر لە 20 پەیجی بوو لەلایەن کۆمپانیاکەوە داخراون.
بەپێی داتاکانی کۆمپانیای مێتا لە 01ـی تشرینی یەکەم بۆ 30ـی تشرینی یەکەم 18 پەیجی بزوتنەوەی حقووق بایی 116 هەزار و 547 دۆلار پۆستی سیاسییان سپۆنسەر کردووە.
لە پلەی چوارەمدا پەیجی مەحموود حسێن سەرلیستی هاوپەیمانیی عەزم لە بەغدا دێت، پەیجەکەی ئەو وەکو کەسی یەکەمی عێراقە و لە ماوەی مانگێکی بانگەشدا بڕی 14 هەزار و 744 دۆلاری داوە بە سپۆنسەرکردن.
دوو پەیجی هاوپەیمانیی سقوورنا پلەی پێنجەم و شەشەمیان گرتووە، پێکەوە بایی 22 هەزار و 550 دۆلار سپۆنسەریان کردووە، پەیجی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە خەرجکردنی 10 هەزار و 202 دۆلار لە پلەی حەوتەم دایە.
پەیجی عیماد دلێمی، بەربژێری هاوپەیمانیی عەزم لە بەغدا بە خەرجکردنی 10 هەزار و 202 دۆلار لە پلەی هەشتەمدایە، پەیجی خەیس رەعد سەرلیستی هاوپەیمانیی ئەساسی عێراق لە نەجەف بە خەرجکردنی 9 هەزار و 755 دۆلار لە پلەی نۆیەمدایە. هەروەها پەیجی ئەحمەد شەمەری، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بە خەرجکردنی 8 هەزار و 395 لە پلەی دەیەمدایە.
پارتی و یەکێتی یەکەمی هەرێمی کوردستانن
لەماوەی مانگێکی بانگەشدا بایی 280 هەزار و 332 دۆلار لە شارەکانی هەرێمی کوردستان پۆستیان سیاسی سپۆنسەرکراوە کە زۆرترین پارە لەلایەن بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە خەرجکراون.
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جیاواز لەوەی لەم هەڵبژاردنەدا بەربژێرانی لە لیستی یەکەمەکانی هەرێمی کوردستانن لە خەرجکردنی پارە لە سپۆنسەری پۆستەکان، هاوکات، پەیجی مەکتەبی هەڵبژاردنی حیزبەکە لە داتاکانی چوار ساڵدا لە 25ـی ئابی 2021 بۆ 1ـی تشرینی دووەمی 2025 یەکەمی عێراقە و بایی 102 هەزار دۆلار سپۆنسەری کردووە.
لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی بەکارهێنانی تۆڕی کۆمەڵایەتی لەلایەن حیزبەکەیەوە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن بە رووداوی راگەیاند: "بۆ ئەم هەڵبژاردنە یەکێتی ئامادەکاریی نوێ و جیاوازی کردووە، بۆیە بەراورد بە رابردوو ئەمجارە ئامادەیی زیاترە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا".
بەرپرسەکەی یەکێتی دەڵێت: "یەکێتی لەگەڵ ئەوەی پشت بە میدیای کلاسیک دەبەستێت، "ئێستا تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک میدیای نوێ بەشێکە لە میدیای یەکێتی و بانگەشەی تێدا دەکات، بەڵام پابەندی بانگەشەیەکی ئارامە دوور لە زمانی زبر."
عەلی خاڵس، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکێکە لەو بەربژێرانەی لە ئاستی هەرێمی کوردستان لە ریزبەندی 10 یەکەمەکەدایە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاسانکارییەکی زۆرمان بۆ دەکەن، بۆیە بەشێوەیەکی بەرچاو هەموو بەربژێران سودی لێ وەردەگرین و پەیامەکانمانی تێدا بڵاودەکەینەوە."
ئەو بەربژێرە پێیوایە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رێگەیەکی ئاسانترن بۆ ئەوەی بگەینە خەڵکی زیاتر بە کاتێکی کەمتر، حیزبیش پشتیوانی بەکارهێنانی دەکات، چونکە بەربژێران بەربژێری حیزبن.
ریزبەندی بەربژێران بۆ سپۆنسەری پۆستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان
پەیجی بناس دۆسکی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان
6 هەزار و 419 دۆلار
پەیجی بڕیار رەشید، بەربژێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
3 هەزار و 434 دۆلار
پەیجی کلدۆ ئۆگنا، بەربژێری کۆتای مەسیحی
3 هەزار و 273 دۆلار
پەیجی بەکر عەبدوڵڵا، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان
2 هەزار و 859 دۆلار
پەیجی عومەر پێنجوێنی، بەربژێری یەکگرتووی ئیسلامی
2 هەزار و 761 دۆلار
پەیجی عەلی شێخ خالس، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان
هەزار و 910 دۆلار
پەیجی رێبوار هادی، سەرلیستی پارتی دیموکراتی کوردستان
هەزار و 842 دۆلار
پەیجی پشتیوانانی ئومێد تاهیر بەرواری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان
هەزار و 766 دۆلار
گۆڤەند شێروانی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان
هەزار و 737 دۆلار
پەیجی نەبەز مەجید، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان
هەزار و 727 دۆلار
پەیجی ئومێد تاهیر بەرواری، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان
934 دۆلار
پەیجی ئیبراهیم ئەگید ئامێدی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان
634 دۆلار
وەتسەپ خەرجییەکی زیاتر
پلاتفۆڕمی وەتسەپ کە بە هەمان شێوە کۆمپانیای مێتا خاوەندارێتی دەکات، خزمەتگوزاریی جیاوازتری هەیە بەربژێران بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن سوودی لێ وەردەگرن.
رۆژی 27ـی تشرینی یەکەمی 2025، کێوان حەسەن، خاوەنی کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژییە و کار لەو بوارەدا دەکات، بە رووداوی راگەیاند: "ناردنی یەک ملیۆن نامە لە وەتسئەپەوە نرخی 30 هەزار دۆلار(3 دەفتەر)ـە، نرخی یەک ملیۆن نامەی ڤایبەریش 8 هەزار و 400 دۆلار(84 وەرەقە)یە".
ئەو نرخانە لە ئاستی جیهانی دا دیار دەکرێن، بەشێوەیەک سەرەتای بانگەشە نرخی یەک ملیۆن نامەی وەتسئەپ 40 هەزار دۆلار (4 دەفتەر) بووە.
رۆژی 3ـی تشرینی یەکەمی 2025، بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستیپێکرد کە بڕیارە 11ـی تشرینی دووەم بکرێت، بەپێی بڕیاری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق 8ـی تشرینی دووەم بانگەشەی هەڵبژاردن کۆتایی دێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ