مەسرور بارزانی بڕیاری خەرجکردنی مووچەیەکی خانەنشینانی پێشمەرگەی دەرکرد

05-11-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا، کێشەی مووچەی ئەو ئەفسەر، پلەدار و پێشمەرگانەی لە 1-1-2025 بە دواوە خانەنشین بوونە و مووچەیان لەلایەن حکومەتی فیدراڵەوە خەرج نەکراوە، چارەسەر بکرێت.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 05-11-2025، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد، رۆژی پێنجشەممە مووچەیەک بەو پۆلەی پێشمەرگە بدرێت. 
 
مەسرور بارزانی بڕیاریداوە، "مووچەیەکیان وەک پێشینە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێم بۆ خەرج بکات و بە زووترین کاتیش چارەسەری ئەم بابەتە بکرێت."
 
دوای راگەیێندراوەکەی حکومەت، وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیران مووچەی مانگێکی خانەنشینان کە لەدوای 1-1-2025 خانەنشین بوون دابەش دەکەین."
 
ژمارەیەک پێشمەرگەی خانەنشینکراو نزیکەی ساڵێکە هیچ بڕە پارەیەکیان وەرنەگرتووە. جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە پێشتر بە رووداوی راگەیاندبوو، دۆسیەی خانەنشینیی زیاتر لە 1800 ئەفسەر لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانە و چاوەڕێی گەڕانەوەی فەرمانەکەیان دەکەن.
 
 فەتحوڵڵا عومەر، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینیی پێشمەرگە، راگەیاند، "زیاتر لە سێ هەزار دۆسیەی ئەو پێشمەرگانەی یاسای خانەنشینی دەیانگرێتەوە، مامەڵەکانیان تەواو کراوە و رەوانەی وەزارەتی دارایی کراون."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە