رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی ئەو دۆخەی ناوچەکەی گرتوەتەوە، رێوڕەسمی فەرمی تایبەت بە پێشوازیکردن لە جەژنی نەورۆز لە هەرێمی کوردستان رێک نەخرا، بەڵام ژمارەیەکی زۆر هاونیشتمانی ئامادەکارییان بۆ پێشوازیکردن لە جەژنە نەتەوەییەکەی گەلی کورد کرد و بەو جۆرەش لە شار و شارۆچکە جیاوازەکان لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دەرەوەش ئاگری نەورۆز کرایەوە.
کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر
بە ئامادەبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی رۆژی هەینی 20-03-2026 رێوڕەسمی کردنەوەی ئاگری نەورۆز لەسەر قەڵای هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا پیرۆزبایی جەژنی رەمەزان و نەورۆزی لە سەرۆک مەسعود بارزانی و خەڵکی کوردستان کرد و گوتی، پیرۆزبایی "جەژنی رەمەزان و نەورۆز لە رابەر و سەرکردەی گەورەمان جەنابی سەرۆک بارزانی، پێشمەرگە و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و هەموو خەڵکی کوردستان دەکەین و جەژنتان پیرۆز بێت."
مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوە دا، "خەڵکی کوردستان بە درێژایی مێژوو بەرانبەر زاڵم و ستەمکار وەستاون و هیچ کاتێک خۆیان نەچەماندووە، ئێستاش ئومێدمان وایە لەژێر سێبەری و بە رابەرایەتیی سەرۆک بارزانی، گەلی سەربەرزی کوردستان، هەر سەردەکەوێ و بەرانبەر بە هەموو ستەمکارێک دەوەستێت."
سەرۆکوەزیران گوتی، "ئومێد دەکەین ئاسۆی گەلەکەمان لەژێر سەرکردایەتیی سەرۆک بارزانی، بە هێز و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکان و خۆڕاگریی گەلەکەمان، پڕشنگدارتر و رووناکتر بێت."
مەسرور بارزانی سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستانی کرد و گوتی، "زۆر زۆر سوپاسی خۆڕاگریی خەڵکی کوردستان دەکەین، بەتایبەت لەم کاتەدا کە دەبینین شەڕ و ئاژاوە لە ناوچەکەماندا هەیە. ئێمە بە هەموو توانایەکمانەوە هەوڵ دەدەین بۆ ئەوەی کوردستان لە هەموو شەڕ و ئاژاوەیەک بپارێزین و بەدوور بگرین، دڵنیاشم بە پشتیوانیی خوای گەورە بەرەو ئاسۆیەکی رووناکتر هەنگاو دەنێین."
هاونیشتمانی و گەشتیاران چوونە ئاکرێ
سەدان گەنج لە ئاکرێ مەشخەڵی ئاگریان بردە سەر چیا و دیمەنێکی سەرنجڕاکێشیان بەخشییە "پایتەختی نەورۆزی کوردستان." هاونیشتمانییان لە شارەکانی دیکەوە چووبوونە ئاکرێ و گوتیان، "دۆخی نائارام ویستی گەلی کورد تێک نادات."
دلاوەر بۆزۆ، قایمقامی قەزای ئاکرێ، ئەمڕۆ هەینی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەهۆی دۆخی ئەمنی و بۆ پاراستنی هاونیشتمانییان و گەشتیاران رامانگەیاندبوو رێوڕەسمی فەرمی ناکەین، بەڵام خەڵکێکی زۆر زۆر هاتنە ئاکرێ بۆ نەورۆز."
قایمقامی ئاکرێ گوتی، "خەڵک خۆیان هاتن و دەهۆڵ و زووڕنایان هێنابوو و شایی و هەڵپەڕکێیان کرد. ئێمەش ئاگری نەورۆز دەکەینەوە".
دهۆک، سلێمانی، هەڵەبجە و گەرمیان؛ پەیامی کوردایەتی
لە سنووری پارێزگای دهۆک، جگە لە چەند شوێنێکی پارێزگاکە، بە بەرزکردنەوەی ئاڵای کوردستان رێوڕەسمی نەورۆز بەشێوەیەکی جەماوەری بەڕێوەچوو.
لە سلێمانیش، لەگەڵ بەڕێوەچوونی رێوڕەسمی کولتووری، هەڵپەرکێ و چالاکی جیاواز، ئاگری نەورۆز کرایەوە.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، ئێوارەی ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "بەهۆی دۆخی ناوچەکەوە یادی نەورۆز بە فەرمی ناکرێتەوە، بەڵام هاووڵاتییان ئازادن [ئاگر بکەنەوە] بەشێوەیەک کە قەرەباڵخی زۆر دروست نەبێ و رێکارەکان وەک خۆیان جێبەجێ بکرێن."
لە چەندین شوێنی پارێزگای هەڵەبجەش ئاگری نەورۆز کرایەوە، لەوانەش کردنەوەی ئاگر لەسەر قەڵای خورماڵ. سازگار سەڵاح، پەیامنێری رووداو گوتی، "یەکەم جارە ئەمڕۆ لەسەر قەڵای گوڵعەنبەر لە خورماڵ ئاگری نەورۆز دەکرێتەوە."
یەکێک لە سەرپەرشتیکارانی رێوڕەسمەکە بە رووداوی گوت، جگە لە کردنەوەی ئاگر، ئاڵایەکی گەورەی شەش بە چوار مەتر بە بەرزی 22 مەتر بەرزدەکەنەوە.
لە کەلاریش هاونیشتمانییان لە قەڵای شیروانە کۆبوونەوە. کچە کوردێکی خەڵکی کۆبانێی رۆژئاوای کوردستان کە 10 ساڵە لە کەلار نیشتەجێیە، بە رووداوی گوت، "نەورۆز جەژنی هەموو کوردێکە و ئێمە لێرەش پەیامی رزگاری دووپات دەکەینەوە."
بۆ یەکەمجار لەسەر بەرزەپردی سۆران لە پارێزگای هەولێریش رێوڕەسمی نەورۆز بەڕێوەچوو. هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران بە رووداوی گوت، "دەمانویست بەرنامەی گەورەترمان هەبێت، بەڵام بەهۆی دۆخی ناوچەکە تەنیا مەراسیمی ئاگرکردنەوەمان ئەنجامدا."
کەرکووک؛ یادی راپەڕین و ئازادی
جەژنی نەورۆز و رەمەزان لە کەرکووک هاوکات بوو لەگەڵ ساڵیادی ئازادکردنی شارەکە لە ساڵی 1991. هاونیشتمانیان بە ئاڵای کوردستانەوە چوونە سەر قەڵای کەرکووک.
رێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی گوت، سێ بۆنە لە هەمان رۆژدا لە کەرکووک بەڕێوەدەچن و "پێکهاتەی جیاوازیش لە شارەکە هەیە. ئایین و مەزهەبی جیاواز لە شارەکەدا هەیە."
رێبوار تەها گوتی، "دەکرێ ئەم جیاوازییە لە پێکهاتە، ئایین و مەزهەب بکەینە هێزێک و ئەو هێزەش بخەینە خزمەت کۆمەڵانی خەڵکی کەرکووک و ئەمەش ویستی ئیدارەی نوێی کەرکووکە."
پارێزگاری کەرکووک رایگەیاند، "داوا لە هەموو گەنجان و خەڵکی کەرکووک دەکەم ئەو پێکەوەژیانەی لە کەرکووک هاتوەتە دی، بیپارێزین و بەهێزتری بکەین."
رێبوار تەها هەروەها گوتی، "بڕیار حیزبە کوردستانییەکان ئەوەبوو کە بەهۆی ئەو دۆخەی هاتووەتە ئاراوە، گردبوونەوە نەکرێ، بەڵام بڕیارێکیش هەبوو هەر لە حیزبە کوردستانییەکان و بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێمە کە دەبێت ئاگری نەورۆز بکەینەوە. ئاگری نەورۆز تایبەت نییە بە کەسێک، بەڵکو تایبەتە بە گەلێک و هەر دەبێت بکرێتەوە."
ئامادەکاری بۆ نەورۆزی ئامەد و پەیامی نێچیرڤان بارزانی
ئاهەنگەکانی نەورۆز لە باکووری کوردستان لە 9ی ئەم مانگەوە دەستیان پێکردووە و تاوەکو 24ی مانگ بەردەوام دەبن، بەڵام سەرەکیترینیان رۆژی 21ی مانگ لە ئامەد بەڕێوەدەچێت.
بۆ نەورۆزی ئەم ساڵ چەندین میوان لە دەرەوە بانگهێشت کراون، لە نێویاندا شاند لە هەرێمی کوردستان، عێراق، فەرەنسا، ئەڵمانیا، سوێد، هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانیا، میسر و هیندستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشتی ئاهەنگی نەورۆزی ئامەد کرابوو. بەڵام دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بە ماشەڵڵا دەکاک، پەیامنێری رووداو لە ئامەدی گوت، بەهۆی ئەو دۆخەی عێراق و ناوچەکەی گرتوەتەوە، نێچیرڤان بارزانی بەشدار نابێت.
دڵشاد شەهاب سبەی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەخوێنێتەوە و گوتی، "بەیانی ئینشاڵڵا، لە ئاهەنگی نەورۆزدا پەیامی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەخوێنینەوە."
دڵشاد شەهاب گوتی: "نەورۆزی ئامەد رووداوێکی زۆر گرنگە و لە دڵی هەر کوردێکدا پێگەیەکی تایبەتی هەیە. نەورۆز بۆ ئێمە جەژنێکی نەتەوەییە، بەڵام لە هەمان کاتدا بۆ گەلانی ناوچەکەش خاڵێکی هاوبەشی پێکەوەژیانە."
نەورۆز لە رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان
هەزاران هاونیشتمانی لە شار و شارۆچکە و گوندەکانی رۆژئاوای کوردستان بەشدارییان لە ئاهەنگەکانی تایبەت بە نەورۆز کرد.
یەکێک لە گەورەترین ئاهەنگەکان لە شاری قامشلۆ بوو و تێیدا هاونیشتمانییان بە لەبەرکردنی جلوبەرگی کوردی و هەڵپەڕکێ بەخێرهاتنی جەژنی نەورۆزیان کرد.
ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ گوتی، بڕیارە رۆژی 24ـی ئادار ئاهەنگێکی گەورەی جەژنی نەورۆز لە یاریگەی قامشلۆ بکرێ.
ڤیڤیان فەتاح گوتی، هەرچەندە بڕیاربوو ئاهەنگەکە لە یەکەم رۆژی نەورۆزدا بکرێ، بەڵام رێکخەرانی ئاهەنگەکە بۆ ئەوەی بەشدارییەکی فراوان بکرێ، ئاهەنگەکەیان بۆ 24ـی مانگ دواخست.
هاونیشتمانییەک بە پەیامنێری رووداوی راگەیاند، هیوادارە کورد لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا یەکگرتوو بن، چونکە پەرش و بڵاوی دەبێتەهۆی لاوازبوونی کورد.
هاونیشتمانییانیش لە عەفرین بەشدارییەکی کاری ئاهەنگەکانی نەورۆزیان کرد.
بەهۆی جەنگی ئیسرائیل و ئەمریکا لەگەڵ ئێران، لە شار و شارۆچکەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاهەنگی نەورۆز نەکرا، بەڵام هاونیشتمانییان لە گوندەکان ئاگری نەورۆزیان کردەوە.
ئاهەنگی بۆن دەکرێ و دەیان هەزار هاونیشتمانی بەشدار دەبن
هاوکات بڕیارە رۆژی شەممە 21ی ئاداری 2026، لە پارکی رایناوەی شاری بۆنی ئەڵمانیا ئاهەنگی نەورۆز بەڕێوەبچێت و چاوەڕوان دەکرێ نزیکەی 50 هەزار هاونیشتمانیی دانیشتووی وڵاتانی ئەورووپا تێیدا ئامادە بن.
ژمارەیەک هونەرمەندی ناوداری کورد وەک شڤان پەروەر، هۆزان دینۆ، هانی موجتەهیدی و حەسەن شەریف لە ئاهەنگەکەدا بەشدار دەبن.
تۆڕی میدیایی رووداو بە مەبەستی رووماڵکردنی ئاهەنگەکە لە بۆنە. دلبخوێن دارا، پێشکێشکاری تۆڕی میدیایی رووداو، ئێوارەی رۆژی هەینی 20-3-2026 لەو پارکەی ئاهەنگەکەی تێدا بەڕێوەدەچێ گفتوگۆیەکی لەگەڵ هونەرمەندەکان کرد و شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی و ژمارەیەک سیاسەتمەدار و کەسایەتیی هەر چوار پارچەی کوردستانیش ئامادە بوون.
هونەرمەند و کەسایەتییەکان لە دیبەیتەکەی رووداودا باسیان لە بایەخی نەورۆز، دۆخی کورد و رۆڵی کوردی دیاسپۆرا لە پرسی کورد کرد. شیڤان پەروەر گوتی، ئەو دۆخەی گەلی کوردی پێدا تێپەڕیووە یەکێک لەو هۆکارانە بووە کە وایکردووە هونەرەکەی بخاتە خزمەتی گەلی کوردستانەوە.
شیفا بارزانی، سەرپەرشتیاری کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی تیشکی خستە سەر کار و ئامادەکارییەکانی نەورۆزی بۆن و گوتی: "سوپاسی لیژنەی ئامادەکاری ئەم ئاهەنگە پیرۆزەی نەورۆز دەکەم، بەتایبەتی کاک عاکف، کاک ئیسماعیل، فارس و زۆر برای دیکە کە ناوم نەهێنان. سێ مانگە خەریکی ئەم کارەن و زۆر ماندوو بوون. بە دەیان کۆبوونەوە و هاتووچۆیان کردووە تاوەکو بتوانین بەیانی نەورۆزێکی پڕ لە جۆش و خرۆش پیرۆز بکەین."
شیفا بارزانی ئاماژەی بەوە کرد کە لە نەورۆزی بۆندا کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان بەشدار دەبن و گوتیشی: "زۆر دڵخۆشین کە دەبینین لێرە تەنیا ئاڵای کوردستان دەشەکێتەوە. داواکاریمان لە خەڵکی خۆمان ئەوەیە، بەیانی (شەممە) بە جۆش و خرۆشەوە بێنە بۆن و لەم مەیدانەدا ئاڵای کوردستان بەرز بکەنەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ