رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی دەم پارتی رایگەیاند، نەورۆزی 2025 نەورۆزێک بوو کە تێیدا چەکەکان دانران و سووتێندران و گوتی، "هیوادارین نەورۆزی 2026 ببێتە نەورۆزێک کە تێیدا هەنگاوی دیموکراسیی بنرێت، یاسای تایبەت دەربکرێت و ناسنامە و زمانی کوردی بناسرێت."
ئێوارەی رۆژی هەینی، 20ی ئاداری 2026، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، لە پێشوازیی نەورۆزی ئەم ساڵدا کە بڕیارە سبەی شەممە لە پارێزگای ئامەدی باکووری کوردستان بەڕێوەبچێت، گوتارێکی بۆ میوانەکان پێشکێش کرد.
باکرهان، ئاماژەی بە نەورۆزەکانی ساڵانی رابردووی باکووری کوردستان کرد و گوتی: "ساڵانێک بوو چالاکییەکانمان لەژێر سێبەری دارکاری، ئاوپڕژێن و بانگەوازەکانی پۆلیسدا دەکرد، بەڵام ئەمشەو تێگەیشتین کە هەڵەمان کردووە. دیارە نەورۆز بەبێ دارکاری، ئاوپڕژێن و کامێراکانی پۆلیسیش دەتوانرێت پیرۆز بکرێت."
تونجەر باکرهان رایگەیاند، نەورۆزی پار نەورۆزێک بوو کە پەکەکە لە چوارچێوەی پرۆسەی چارەسەریدا چەکەکانیانیان دانابوو و سووتاندبوونی و گوتی: "هیوادارین نەورۆزی 2026 ببێتە نەورۆزێک کە تێیدا هەنگاوی دیموکراسیی بنرێت، یاسای تایبەت دەربکرێت، ناسنامە و زمانی کوردی بناسرێت، قەیوم نەمێنێت و جەژنەکانمان بە ئازادی پیرۆز بکەین."
ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی دەم پارتی بڵاویکردەوە، ئامادەکارییەکان بۆ نەورۆزی ئامەد تەواو بوون، کە بڕیارە پەیامی نێچیرڤان بارزانی و عەبدوڵڵا ئۆجەلان بخوێندرێتەوە. هەروەها لە رێوڕەسمەکەدا یادی سری سورەیا ئۆندەر، ئەندامی کۆچکردووی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی دەکرێتەوە. بەرپرسانی هەرێمی کوردستانیش بەشدار دەبن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ