بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر: لەوانەیە ناچار بین دابینکردنی ئاو بەشێوەی کاتی رابگرین

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر رایگەیاند، بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان، پێشبینی بەرزبوونەوەی رادەی لێڵیی ئاو بەشێوەیەکی بەرچاو دەکرێت و لەوانەیە بەهۆیەوە ناچار ببن دابینکردنی ئاو بۆ هاووڵاتییان بەشێوەی کاتی رابگرن.
 
بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "سەرەڕای ئەوەی ئێستا وێستگەکانی بەرهەمهێنانی ئاو بە تەواوی توانایانەوە کاردەکەن، بەڵام بەهۆی بارانبارینی زۆر و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی رووبارەکان، پێشبینی دەکرێت لە ماوەی داهاتوودا رادەی لێڵیی (Turbidity) ئاوی رووبارەکان بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات."
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، "ئەگەر رادەی لێڵییەکە گەیشتە سەرووی توانای وێستگەکانی پاڵاوتن، ئەوا ناچار دەبین بۆ پاراستنی کوالێتیی ئەو ئاوەی دابین دەکرێت بۆ هاووڵاتییان، وێستگەکان بە شێوەیەکی کاتی رابگرین."
 
هاوکات بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی هەولێر داوا لە هاووڵاتییان دەکات، هاوکاریان بن، لە ئێستاوە دەست بە بەکارهێنانی ئاوەوە بگرن و زیادەڕۆیی لە بەکارهێنانیدا نەکەن، بۆئەوەی لە کاتی راوەستانی وێستگەکاندا تووشی گرفتی کەمئاوی نەبن.
 
وەکو لە ئاگادارییەکەدا هاتووە، بڵاوکردنەوەی ئەم ئاگادارییە لەسەر داواکاری و پێشنیاری پێشووتری خەڵک بووە، بۆئەوەی پێشوەختە ئاگاداری هەر ئەگەرێکی بڕانی ئاو و وەستانی وێستگەکانی پاڵاوتنی ئاو بن و ئامادەکاری بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە