شەڕ لە گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب دەستیپێکرد؛ هەسەدە: شوێنی سڤیل دەکرێنە ئامانج

دوێنێ کاژێر 03:57
رووداو @Rudawkurdish
دیمەنێکی شەڕ و پێکدادان لە حەلەب
دیمەنێکی شەڕ و پێکدادان لە حەلەب
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند، لە شەوی رابردووەوە چەکدارانی حکومەتی سووریا هەردوو گەڕەکی کوردنشین لە حەلەب دەکەنە ئامانج، هەروەها دێر حافیر و دەوروبەری بەنداوی تیشرینیش تۆپباران دەکەن. سوپای سووریاش بە ئاشکرا رایگەیاند، دەستیان بە ئامانجکردنی خاڵەکانی هەسەدە لە شێخ مەقسوود کردووە.
 
بەڕێوەبەرایەتیی راگەیاندنی حەلەب بڵاویکردووەتەوە، "هەسەدە بە پێشێلکارییەکی نوێی رێککەوتنەکانی لەگەڵ حکومەتی سووریا، ناوچەی نزیک فلکەی (شیهان)ـی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا ئەندامێکی وەزارەتی بەرگری کوژرا و 3 کەسی دیکەش برینداربوون."
 
هەروەها بڵاویکردووەتەوە، کە سوپای سووریا شوێنی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی هەسەدەی لە گەڕەکی شێخ مەقسوود کردووەتە ئامانج.
 
لە لایەکی دیکەوە هەسەدە بڵاویکردووەتەوە، مووشەکێک کە لەلایەن گرووپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشقەوە هەڵدرابوو و دەبووایە لە گەڕەکی شێخ مەقسوودی حەلەب بکەوێت، لە ئامانجی خۆی لایدا و لە گەڕەکی (میدان)ـی تەنیشتی کەوتەخوارەوە."
 
هەسەدە رایگەیاندووە، "ئەم رەفتارە دوژمنکارانەیە، کەمتەرخەمیی تەواو بەرامبەر بە یاسا مرۆییەکان نیشان دەدات و ئەو لایەنەی ئەم هێرشەی کردووە بە بەرپرسیاری تەواوی هەر زیان و دەرەنجامێکی دەزانین."
 
 
هەسەدە بڵاویکردووەتەوە، گرووپەکانی "عەمشات"ـی سەر بە حکومەتی دیمەشق، بە هاوەن، چەکی قورس و درۆنی خۆکوژ، سەنتەری ناحیەی دێر حافیر کە پڕە لە سڤیل دەکەنە ئامانج، کە لە ئەنجامدا زیان بە تۆڕەکانی کارەبا و ژێرخانی خزمەتگوزاری گەیشتووە. هاوکات، هەمان گرووپ، بە هاوەن و چەکی قورس، دەوروبەری گردی (سریەتێل) لە دەوروبەری بەنداوی تیشرین دەکەنە ئامانج، کە ئەمە ئاڵۆزییەکی ئاشکرا و پلان بۆ داڕێژراوە.
 
هەسەدە دەڵێت: "ئێمە ئەم گرووپانە بە بەرپرسیاری تەواوی دەرەنجامەکانی ئەم ئاڵۆزییە مەترسیدارە دەزانین و جەخت دەکەینەوە کە هێزەکانمان، بۆ پاراستنی گەلەکەمان و بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامیی هەرێمەکانمان، مافی تەواو و ڕەوای خۆیان لە وەڵامدانەوەی ئەم هێرشانە دەپارێزن."
 
هەر ئەمڕۆ ئاسایشی هەردوو گەڕەکەکە بڵاویکردبووەوە، کە بەهۆی هێرشەکانەوە هاووڵاتییەک کوژراوە و دوو هاووڵاتیی دیکەش برینداربوون، هەروەها زیانێکی زۆر بەر ماڵ و موڵکی هاووڵاتییان کەوتووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنی شەڕ و پێکدادانەکانی حەلەب.

ئاسایشی ناوخۆی حەلەب: 7 کەس شەهید بوون و حکومەت سیناریۆی سەردەمی بەشار ئەسەد دووبارە دەکاتەوە

هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب رایگەیاند، بەهۆی چڕبوونەوەی هێرشەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق بە "تانک و درۆن،" ژمارەی قوربانییان لە گەڕەکە کوردنشینەکان بۆ زیاتر لە 60 کەس (گیانلەدەستدان و بریندار) بەرزبووەوە؛ رێکارەکانی حکومەتیش بە "دووبارەکردنەوەی سەردەمی ئەسەد" وەسف دەکات.