رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان دەڵێ، لە یەک ساڵدا زیاتر لە 600 سکاڵا تۆمارکراون، دەیان پیاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە و 19 پیاویش لەلایەن هاوژینەکانیان یان بە هاوکاری کەسانی دیکە کوژراون.
رۆژی 6ی کانوونی دووەمی 2026 بوورهان عەلی، سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەپێی ئەو بەدواداچوون و ئەو تۆمارانەی لە رێکخراوەکەمان لەبەردەستن، لە رۆژی 01-01-2025ـەوە تاوەکو 31-12-2025، 611 سکاڵای جیاوازی تووندوتیژی دژی پیاوان لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون."
سەرۆکی یەکێتیی پیاوانی کوردستان ئاماژە بە بەرزبوونەوەی ئامارەکان دەدات و گوتی، "لە ساڵی 2025ـدا 19 رووداوی کوشتنی پیاوانمان هەبووە کە لەلایەن ژنان یان بە هاوکاری کەسانی دیکە کراون. 73 پیاویش لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە، کە زۆرترینیان لە پارێزگای هەولێر بوون."
بوورهان عەلی رایگەیاند، زۆرترین کێشەکان پەیوەندییان بە دەستوەردانی خێزانییەوە هەبووە و گوتی، "تۆمارەکانمان نیشانی دەدەن کە 241 سکاڵای دەستوەردانی کەسوکاری خێزان لە ژیانی هاوژینی هەبووە؛ هەروەها 214 باوک سکاڵای ئەوەیان هەبووە کە بێبەشکراون لە بینینی منداڵەکانیان."
سەبارەت بە جۆرەکانی دیکەی تووندوتیژی، سکرتێری یەکێتیی پیاوان گوتی، "هەر لەو ساڵەدا 53 دەرکردنی پیاوی بەتەمەن لە ماڵ تۆمارکراون، لەگەڵ 35 ناپاکی هاوژینی و 12 تووندوتیژی جەستەیی. هەروەها 13 پیاو سکاڵای دەستبەسەرداگرتنی مووچەیان هەبووە و 13 دۆخی دیکەش پەیوەست بووە بە هەڕەشەی میدیایی و ئەلیکترۆنی و ناوزڕاندن."
بوورهان عەلی ئاماژەی بەوە کرد، 9 سکاڵای گوشاری دەروونی و سێکسی، 14 دەستبەسەرداگرتنی موڵک و 7 سکاڵا لەسەر خستنەوەی منداڵ بەبێ رەزامەندی پیاو تۆمارکراون.
دابەشبوونی جوگرافیی خۆکوشتنی ئەو 73 پیاوە، بەم شێوەیەیە بە قسەی بورهان عەلی:
پارێزگای هەولێر: 28 کەس
پارێزگای سلێمانی: 27 کەس
دهۆک: 9 کەس
کەرکووک: 6 کەس
هەڵەبجە: 3 کەس
سکرتێری یەکێتیی پیاوانی کوردستان گوتی، ئەم ئامارانە تەنیا ئەوانەن کە گەیشتوونەتە لای ئەوان و تۆمارکراون.
بەپێی ئامارەکانی یەکێتیی پیاوان، لە ساڵی 2024دا 609 تووندوتیژی بەرامبەر پیاوان و سکاڵای پیاوان بەرامبەر ژنان تۆمار کراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ