رووداو دیجیتاڵ
دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی ڤیدیۆیی هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەیەک لە شاری ئیلام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، وەزیری تەندروستیی ئێران بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەرکرد.
پەیوەندییە گشتییەکانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، ئەمڕۆ سێشەممە لە راگەیێندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە چەند رۆژی رابردوودا و هاوکات لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان "بەداخەوە پەلاماردانی ناوەندە تەندروستییەکان، زیانگەیاندن بە ئۆتۆمبێلە فریاگوزارییەکان و لەنێوبردنی ئامێرە پزیشکییەکان روویانداوە."
وەزارەتەکە دەڵێت، بەتایبەتی دوای ئەو رووداوەی لە نەخۆشخانەی (ئیمام خومەینی)ـی شاری ئیلام روویدا، لەسەر فەرمانی محەممەدرەزا زەفەرقەندی، وەزیری تەندروستی "بە شێوەیەکی جیدی و ورد لێکۆڵینەوە لەو پێکدادانە دەکرێت و لە چوارچێوەی یاسادا بەدواداچوون بۆ ئەنجامەکانی دەکرێت."
وەزارەتی تەندروستیی ئێران لە راگەیێندراوەکەیدا جەخت دەکاتەوە کە نەخۆشخانە، ئەمبوڵانس و کەرەستە پزیشکییەکان سامانی گشتین و دەبێت لە هەموو بارودۆخێکدا "لە هەر جۆرە هێرش، گرژی و ململانێیەک دوور بن و پارێزراو بن."
شەوی یەکشەممە (4ی کانوونی دووەمی 2025)، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی لە شاری ئیلامی رۆژهەڵاتی کوردستان گرژیی لێکەوتەوە؛ بەوهۆیەوە هێزە ئەمنییەکان هەڵیانکوتایە سەر نەخۆشخانەی ئیمام خومەینی، کە بریندارانی خۆپێشاندانەکانی ئیلام و مەلەکشای بۆ گوازرابووەوە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەی ڤیدیۆیی ساتی هەڵکوتانە سەر نەخۆشخانەکە، بەکارهێنانی گازی فرمێسکڕێژ و تەقەکردن لە خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەناو نەخۆشخانەکە بڵاوکراوەتەوە، کە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ