رووداو - زاخۆ
بەشێک لە خاوەن کەوەکان لە بازاڕێکی زاخۆ کۆبوونەوە و کەوەکانیان نمایشکرد، بەشداری بە 100 کەو کرا و بەشێکی نمایشەکە شەڕە کەو بوو.
حزنی رەشید، خاوەن کەو دەڵێت، هەموو کەوێک شەڕ ناکات و بۆ ناسین و راهێنانی کەو لەسەر شەڕکردن پێنج تاوەکو شەش ساڵ پێویستە.
خاوەن کەوەکانی زاخۆ هەفتانە رۆژانی هەینییان دەستنیشان کردووە بۆئەوەی لە شوێنێکدا کۆببنەوە و کەوەکانیان نمایش بکەن، هەر کەوێک هەفتانە یەک شەڕ دەکات، خاوەن کەوەکان چاویان لە سەرکەوتنی کەوەکانیانە و شەڕەکەش لە 10 خولەک تاوەکو یەک کاژیر یەکلا دەبێتەوە؛ کەوی شنگال لە هەموو جۆرەکانی دیکەی کەو بەنرخترە.
کەوگرەکان کەوەکانی کوردستان لەڕێگەی داو-ەوە دەگرن و پەروەردەیان دەکەن، ئەگەر کەوەکە لە شەڕکردن باش بێت کاریگەریی لەسەر نرخەکەی دەبێت، مەرجی دواتریش دەنگ و رەنگیەتی.
عیسمەت عەبدال، کڕیار و فرۆشیاری کەو دەڵێت، لە ساڵی 1979وە ئەو کارە دەکات و ئاماژە بەوەش دەکات، گرانترین کەو کە فرۆشتوویەتی بە چوار هەزار و 500 دۆلار بووە (45 وەرەقە)، کە کەوێکی کێوی بووە، "بە سێ هەزار دۆلار کڕیبووم، پاش ماوەیەک زیرەکتر بوو و بە 4500 دۆلار فرۆشتم".
بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی پارێزگای دهۆک، راوکردنی کەو قەدەخەیە و ئەمساڵ بەو تۆمەتە پێنج کەس دەستگیرکراون، بەڵام بۆ بازاڕی شەڕە کەوی زاخۆ هەندێک رێنوێنی دانراون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ