رووداو دیجیتاڵ
گیانلەدەستدان بە رووداوی هاتووچۆ لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان 5.6٪ زیادیکردووە.
میدیاکانی ئێران بە پشتبەستن بە زانیارییەکانی پۆلیسی هاتووچۆ و دادپزیشکیی ئێران بڵاویانکردەوە، لە هەشت مانگی سەرەتایی ئەم ساڵی هەتاویدا (لە نەورۆزی 2023 تاوەکو ئێستا)، 14 هەزار و 234 کەس لەو وڵاتە بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
لەو ژمارەیە 11 هەزار و 196 کەسیان پیاو و سێ هەزار و 38یش ژن بوون.
پار لەو ماوەیەدا، 13 هەزار و 476 کەس گیانیان لەدەستدابوو، ئەم ساڵ ژمارەی قوربانییانی هاتووچۆ 758 کەس زیاتر بووە.
بەپێی ئامارەکان، لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو کۆتایی دووەم مانگی پاییز، 273 هەزار و 535 کەسیش لە رووداوەکانی هاتووچۆدا بریندار بوون. ئاماری بریندارانی رووداوی هاتووچۆش بەراورد بە پار 4.4٪ زیاتر بووە.
ئەم ساڵ زۆرترین ژمارەی قوربانییانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی فارس، تاران و سیستان و بەلوچستان تۆمارکراون و کەمترینیش لە پارێزگای ئیلام بووە. لەو هەشت مانگەدا، 128 کەس لە ئیلام بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ