رووداو دیجیتاڵ
لە شاری مانچستەری بەریتانیا، کچێکی تەمەن 11 ساڵانی کورد لە کاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە، سەگێکیی دراوسێیەکەیان پەلاماری دەدات و بە سەختی برینداری دەکات؛ پۆلیسیش خاوەنی سەگەکەی دەستگیر دەکات.
رۆژی هەینی، 6ـی شوباتی 2026، بێستوون رەحیم، باوکی مینا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کچەکەی کە لەدایکبووی ساڵی 2015یە، رۆژی چوارشەممە لە کاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە بۆ ماڵەوە، لەلایەن سەگی دراوسێیەکیانەوە قۆڵی راستی بە سەختی گەستراوە.
باوکی مینا باسی لە ساتەوەختی رووداوەکە کرد و گوتی: "رێگەی نێوان قوتابخانە و ماڵەوەمان تەنیا پێنج خولەک بوو، بەڵام لەو ماوە کورتەدا سەگەکە هێرشی کردووەتە سەر کچەکەم."
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو سەگەی هێرشەکەی کردووە، دراوسێیەکیان کە و ژن و مێردێکی پیرن خاوەنین، هەر دوای رووداوەکەش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون.
سەبارەت بە هەوڵەکانی فریاکەوتن، بێستوون رەحیم دەڵێت، نزیکەی 30 ئۆتۆمبێلی پۆلیس و ئەمبوڵانس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و دوای نزیکەی سێ کاژێر توانیویانە سەگەکە کۆنترۆڵ بکەن و بیگرن.
هەروەها تیمەکانی فریاکەوتن بۆ ماوەی کاژێرێک لە شوێنی رووداوەکە چارەسەری سەرەتاییان بۆ مینا کردووە، پێش ئەوەی بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانە.
باوکی مینا دەشڵێت، ئێستا تەندروستیی کچەکەی جێگیرە، دوێنێش نەشتەرگەری بۆ قۆڵی کرا.
.jpg)
.jpg)
بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکانی بەریتانیا، ئەگەر سەگێک هێرش بکاتە سەر کەسێک و بیگەزێت ، کۆمەڵێک سزا رەنگە رووبەڕووی خاوەنەکەی ببێتەوە کە ئەمانەن:
- زیندانی کردنی خاوەنی سەگەکە بۆ ماوەی 5 ساڵ، ئەگەر کەسەکە تەنیا بریندار بووبێت.
- زیندانی کردنی خاوەنی سەگەکە بۆ ماوەی 14 ساڵ، ئەگەر هێرشەکە ببێتە هۆی گیانلەدەستدانی کەسەکە.
-خاوەنی سەگەکە بۆ هەتاهەتایە مافی بەخێوکردنی سەگی لێ دەسەندرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ