رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بەپێی توانا هاوکاریی هەموو زیانلێکەوتووانی رووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکەن.
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری کرد و لە نزیکەوە زیانەکانی ئاگرکەوتنەوەکەی شەوی رابردووی بەسەرکردەوە.
شەوی رابردوو، 5ـی ئایاری 2024، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی قەیسەریی هەولێر کەوتەوە، بووە سێیەم ئاگری گەورە لە بازاڕەکانی هەولێر بکەوێتەوە لەماوەی تەنیا دوو مانگ و هەشت رۆژدا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانا، سەرۆکی حکومەت سوپاسی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتن و هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی کرد بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیان.
پارێزگای هەولێر رایگەیاند: "لە کۆی زیاتر لە 4000 دووکان، 227 دووکان و 7 کۆگەی بچووکى بازاڕەکە سووتان و زیانیان پێگەیشتووە، ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەرەر و زیانەکان، دەست بە پاککردنەوەى تەواوی بازاڕەکە کراوە."
ساتی سەردانیکردنی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بازاڕی قەیسەریی هەولێر.
— Rudaw (@Rudawkurdish) May 6, 2024
لەنێو کاسبکاراندا دەڵێت: ئەوەی لە دەستمان بێت بۆ هاوکاریکردنی ئێوە، دەیکەین pic.twitter.com/EnOQqQQ6ts
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی "لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتیشی راسپارد کە لە زووترین کاتدا، لێکۆڵینەوەی ورد و هەمەلایەنە بکەن بۆ دەستنیشانکردنی هۆکارەکانی دووبارەبوونەوەی رووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا بە هۆی کەمتەرخەمی و پابەندنەبوونە بە رێنماییەکان یان دەستێکی خراپکاری لە پشتە."
سەرۆکی حکومەت هەروەها داواشی لە دوکانداران و کاسبکار و هاووڵاتییان بەگشتیی کرد کە "رێکارەکانی سەلامەتی جێبەچی بکەن بۆ ئەوەی چیتر ئەم رووداوە دڵتەزێنانە دووبارە نەبنەوە."
گوتیشی: "بەپێی توانا، هاوکاری هەموو زیانلێکەوتووانی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی بازاڕی قەیسەریی هەولێر دەکەین و یارمەتییان دەدەین.. ئەم بازاڕە، شوێنەوارێکی مێژووییە و هەوڵ دەدەین بە راوێژ و هاوکاریی لایەنە پەیوەندیدارەکان نۆژەنی بکەینەوە."
لەماوەی 68 رۆژدا ئەمە سێیەم ئاگری گەورە بوو بازاڕەکانی هەولێر بسووتێنێت، کە دووانی پێشوو لە بازاڕی لەنگە بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ