رووداو دیجیتاڵ
دوای هەولێر، ئەمڕۆ لە سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە نرخی ئەمپێری موەلیدە دیاریکرا، لە سلێمانی بەرزترین نرخی ئەمپێر دەگاتە 9 هەزار دینار، لە دهۆک نزیکە لە 14 هەزار دینار و لە هەڵەبجە 7 هەزار تێپەڕناکات.
عوسمان محەممەد، سەرۆکی کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکانی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخی ئەمپێر بۆ مانگی چوار دیاریکرا، کە یەک ئەمپێر لەنێوان پێنج بۆ 9 هەزار دیناردایە".
عوسمان محەممەد گوتی: "زۆرینەی گەڕەکەکان نرخی ئەمپێریان لە شەش هەزار و 500 دینار بۆ حەوت هەزار دینارە. ژمارەیەکی کەم موەلیدەشمان هەیە کاری زیاتریان کردووە و ئەمپێریان دەگاتە نۆ هەزار دینار".
ئەمڕۆ، بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، خشتەی کاری موەلیدەکان لە مانگی پێنجدا بەشێوەیەکە، کە لە نەبوونی کارەبای نیشتمانیدا رۆژانە کاژێر 12:00ـی نیوەڕۆ بۆ 01:00ـی شەو کار دەکەن. بەیانیانیانیش لە کاژێر 06:30 بۆ 08:00 کار دەکەن".
لە دهۆکیش نرخی موەلیدە دیاریکرا. هەکار هرووری، نوێنەری خاوەن موەلیدە ئەهلییەکانی دهۆک ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "لەنێو هەردوو سەنتەری شارەکانی دهۆک و زاخۆ، نرخی یەک ئەمپێر 13 هەزار و 750 دینارە".
لە دهۆک جیاواز لە شارەکانی دیکە، لە نەبوونی کارەبای نیشتمانییدا موەلیدەکان 24 کاژێر کاردەکەن، ئەوەش هۆکاری زیاتربوونی نرخە.
ئەمڕۆ زووهرە یوسف، سەرپەرشتیاری لیژنەی موەلیدە ئەهلییەکانی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ نرخمان دیاری کرد و هەر ئەمپێرێک لەنێوان شەش هەزار و 500 بۆ 7 هەزار دیناردایە."
سێی ئەم مانگە نرخی ئەمپێر لە هەولێر دیاری کرا. خۆران خۆرانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەکانی هەولێر بە رووداوی گوت: "لەنێو شاری هەولێر موەلیدەکان لە 280 بۆ 390 کاژێر کاریان کردووە و نرخی ئەمپێر لەنێوان 12 بۆ 16 هەزار و 750 دینارە".
خۆرانی گوتیشی: "چەند موەلیدەیەکیشمان هەن لەسەر خواستی خەڵک زیاتر کاریان کردووە و نرخی ئەمپێر دەگاتە 17 هەزار و 500 دینار".
مانگی ئادار نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە لەنێو شاری هەولێر لەنێوان سێ هەزار دینار بۆ 12 هەزار و 500 دینار، لە دهۆک هەشت بۆ 12 هەزار و 750 دینار، لە سلێمانی و هەڵەبجەش لەنێوان هەشت بۆ نۆ هەزار و 500 دیناردا بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ