دانیشتووانی گوندی برایم خەسار لە سنووری بۆکان: دۆخی تەندروستیمان باشە

06-07-2025
گوندی برایم خەسار لە سنووری بۆکان
گوندی برایم خەسار لە سنووری بۆکان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
چەند رۆژێکە گوندی برایم خەساری سەر بە شاری بۆکان لە رۆژهەڵاتی کوردستان، بووەتە جێی باسی میدیاکان بەهۆی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکی پێست. ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی و کەمبوونەوەی هاتووچۆ بۆ ئەم گوندە کوێستانییە، بەڵام دانیشتووانەکەی وێنەیەکی جیاوازتر دەخەنەڕوو و دڵنیایی دەدەن کە دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.
 
عوسمان محەممەدی، دانیشتووی گوندی برایم خەسار دەڵێت، "ئەو هەواڵانەی بڵاوبوونەتەوە زۆر گەورە کراون. ئێمە لێرە هیچ پەتایەکی وا بڵاومان نییە. تەنها دوو بۆ سێ منداڵ تووشی حاڵەتێکی هەستیاری بوون بەهۆی جۆرە ئەسپێیەکەوە، سوپاس بۆ خوا چارەسەریان وەرگرتووە و ئێستا تەواو باشن. ژیان لە گوندەکەمان ئاساییە."
 
ئەم روونکردنەوەیەی دانیشتووان لە کاتێکدایە کە پێشتر قایمقامی بۆکان بە میدیاکانی راگەیاندبوو کە 40 کەس تووشی نەخۆشییەکە بوون و لە یەکدییەوە دەیگوازنەوە. بەڵام خەڵکی گوندەکە هۆکارێکی دیکە بۆ ئەو چەند حاڵەتە سنووردارە دەستنیشان دەکەن.
 
بە گوتەی دانیشتووان، جۆرە ئەسپێیەک کە بە "سێروو" یان "ڕیشۆڵە" ناسراوە، لە رێگەی باڵندە کۆچەرەکانەوە گەیشتووەتە ناوچەکە و بووەتە هۆی دروستبوونی زیپکە و خوران بۆ ئەو چەند منداڵە، جەختیش دەکەنەوە کە حاڵەتەکە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر ناگوازرێتەوە.
 
ئەمیر خلە، دانیشتووی گوندی برایم خەسار ئاماژە بەوە دەکات، "ئێمە پرسیارمان کردووە و بەدواداچوونمان کردووە، ئەمە ئەسپێی باڵندەیە، بە تایبەت سێروو. تەنها ئەگەر بەرکەوتنت هەبێت تووش دەبیت، لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ ناگوازرێتەوە. لێرە کەس لە کەسی نەگرتووەتەوە."
 
غەفور خلە، دانیشتوویەکی دیکەی گوندی برایم خەسارە و باس لەوە دەکات، "ئەم دەنگۆیانە خەڵکیان نیگەران کردووە و زیانیان بە گوندەکەمان گەیاندووە، خەڵک سڵ دەکەنەوە سەردانمان بکەن. داواکارین پشت بە زانیاریی دروست ببەسترێت، گوندەکەمان سەلامەتە و هیچ شتێکی مەترسیدار لە ئارادا نییە."
 
گوندی برایم خەسار دەکەوێتە ناوچەی گەورکایەتی و نزیکەی 40 کیلۆمەتر لە شاری بۆکانەوە دوورە، ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 130 کەسە. ئێستا دانیشتووانەکەی هیوادارن بەم روونکردنەوانە، نیگەرانییەکان بڕەوێنەوە و ژیان و هاتووچۆ بۆ گوندەکەیان ئاسایی ببێتەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.