رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری چاودێریی گومرگەکانی پارێزگای کرماشان رایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگدا قەبارەی هەناردەکردنی کەلوپەل لە رێگەی دەروازەی سنووری خوسرەوی زیاتر لە 325 ملیۆن دۆلار بووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 6ـی ئابی 2025 رەزا نیک رەوش، بەڕێوەبەری چاودێریی گومرگەکانی پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 2025-03-21 تاوەکو 21-7-2025، زیاتر لە 740 هەزار و 180 تۆن کەلوپەلیان لە دەروازەی سنووری خوسرەوی هەناردەی عێراق کردووە.
رەزا نیک رەوش گوتی، "بەهای ئەو کەلوپەلە هەناردەکراوانە 325 ملیۆن و 414 هەزار و 516 دۆلار بووە و بە رێژەی 21٪ زیادی کردووە."
بەڕێوەبەری چاودێریی گومرگەکانی پارێزگای کرماشان ئاماژەی بەوەدا، زۆرترین ئەو کەلوپەلانەی لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییە هەناردە کراون بریتین لە: ئاسن، بەرد، کاشی، سەوزە و میوە، مەڕمەڕ، شیرەمەنی و بەرهەمە پلاستیکییەکان.
لە پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان، چوار دەروازەی سنووری هەن کە سێیان لەگەڵ هەرێمی کوردستانن و دەروازەیەکی سنووریش لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراقە.
دەروازە سنوورییەکانی پەروێزخان، شوشمێ و شێخ سڵە دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان و دەروازەی سنووریی خوسرەویش دەکەوێتە نێوان کرماشان و عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ