سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران: دەروازەی سیدەکان لە قۆناخی یەکەم بۆ گەشتیاری دەبێت

06-09-2023
نازەنین گۆران
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، "لەلایەن هەرێمی کوردستان و ئێرانیشەوە رەزامەندی لەسەر کردنەوەی دەروازەی کێلەشین لە سیدەکان دراوە. هەوڵەکان بۆ ئەوەیە ئەمساڵ کارکردن لە رێگەوبانەکانی تەواوبێت و بکرێتەوە." بەرپرسی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و ئێرانیش دەڵێت، "تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئێرانییەکانە و دەبێت کۆمپانیایەک دیاری بکەن بۆ چاککردنی رێگەوبانەکانی دەروازەکە."
 
رۆژی چوارشەممە، 06-09-2023، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لەبارەی کردنەوەی دەروازەی کێلەشین لە سنووری سیدەکان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێرانیشەوە رەزامەندی لەسەر کردنەوەی دەروازەکە دراوە. ئێستا کار لەسەر میکانیزمی کردنەوەکە دەکەین و وەکو یەکەم قۆناخ کار لەسەر رێگەوبانەکەی دەکەین تاوەکو سەر سنوور."
 
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەڵێت، "لە بەشێکی رێگەوبانەکان دەست بە قیرتاوکردن کراوە و هەر گەیشتە سەر سنوور دەست بە کردنەوەی دەروازەکە دەکەین کە هەموو هەوڵەکانیش بۆ ئەوەیە ئەمساڵ بکرێتەوە."
 
بە گوتەی هەڵگورد شێخ نەجیب، دەوازەکە سەرەتا بۆ هاتووچۆی گەشتیاری دەکرێتەوە و دواتر بۆ هاتووچۆی بازرگانی و دەشڵێت، "کردنەوەی دەروازەکە بۆ گەشتیاری و بازرگانیش قۆناخ بە قۆناخ دەبێت."
 
عەبدوڵلا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیش بە رووداوی گوت، "وەزارەتی ناوخۆی ئێران، پارێزگاری ورمێ و قایمقامی شنۆش رەزامەندییان لەسەر کردنەوەی دەروازەکە داوە. ئێمەش داوامان کردووە کۆمپانیایەکی ئێرانی بێت و گرێبەست واژۆ بکەین بۆ ئەوەی دەست بە چاککردنی رێگەوبانەکانی دەروازە بکەن. ئێستا چاوەڕوانی ئێرانین بۆ ئەوەی کۆمپانیایەک بنێرن و تۆپەکە لە گۆڕەپانی ئەوان ماوەتەوە."
 
لەنێوان هەرێمی کوردستان و ئێران حەوت دەروازەی سنووری هەن؛ سێ فەرمی و چواریشیان نیمچە فەرمین؛ دەروازە فەرمییەکان هەریەک لە دەروازەی پەروێزخان لە سنووری ئیدارەی گەرمیان، حاجی ئۆمەران لە سنووری پارێزگای هەولێر و باشماخ لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێکدێن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

 دیمەنێکی سەنتەری شاری ئاکرێ. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ: پێویستمان بە 7000 پارچە زەوییە بۆ دابەشکردن

سەرۆکی شارەوانیی ئاکرێ رایدەگەیێنێت، رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی دەستیپێکردووە و لە قۆناخی یەکەمدا دوو هەزار و 500 پارچە زەوی ئامادەیە. دەشڵێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی شارەوانی، دروستکردنی خانوو لە 22 گوند راگیراوە.