رووداو دیجیتاڵ
بەشێک لە دووکاندارانی قەزای خەبات دەڵێن، دوێنێ ئاسایش و پۆلیس چوونەتە دووکانەکانیان و ئەوانیان ئاگادارکردووەتەوە کە دەبێت هەموو ئەو قەرزانەی لەسەریان کەڵەکە بووە، بیدەنەوە، ئەگەر ئەوە نەکەن، دووکانەکانیان پێ دادەخەن. قایمقامی قەزاکەش دەڵێت، ئاگاداری کێشەکەن، بەڵام ئەو گرفتە یاساییە و دووکانداران کرێی ساڵانەیان نەداوە. دەشڵێت، داوای زیاتر لە 30 ملیار دیناریان کردووە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری.
بەشێک لەو دووکاندارانە لە 2017ـەوە کرێی ساڵانەیان نەداوە. کوێستان ئەحمەد، قایمقامی قەزای خەبات بە رادیۆی رووداوی گوت، "ئەو دووکاندارانە هاتوونەتە لامان، گرفتەکەیان یاساییە و کرێی ساڵانەیان نەداوە، بابەتەکەمان ئاراستەی شارەوانییەکانی هەولێر کردوون بۆ چارەسەرکردنی."
قایمقامی خەبات دەڵێت، لە سنوورەکەیان چەند پڕۆژەیەک لەژێر جێبەجێکردندایە لەوانە؛ دروستکردنی شەقامێکی 20 مەتری، کاری ئاوەڕۆ و کۆنکرێتکردنی بەشێک لە ناوچەی پیشەسازیی قەزای خەبات، پڕۆژەی ئاودێریی خەبات. دەشڵێت، ئەو شوێنانەی مەترسیی لافاویان هەیە، پاک دەکرێنەوە بۆ رێگری لە دروستبوونی لافاو.
ئەمساڵ 9 بیری ئاو لە سنووری خەبات وشکیان کردووە و لە نزیک ئەو بیرانە، بیری جێگرەوە لێدراون. قایمقامی خەبات گوتی، "بەشێک لە بیرەکان کارەبای بەردەوامیان نەبووە و کارەبای بەردەواممان بۆ دابین کردوون." لەبارەی رێگەی خەبات- کانی قرژاڵە کە ئێستا کاری تێدا دەکرێت، کوێستان ئەحمەد گوتی، "بەشی زۆری کارەکانی تەواو بووە."
بەگوتەی کوێستان ئەحمەد، رێگەی گوندەکان بەشێکیان کاری چاککاری تێدا دەکرێت و بەشێکیشی داوای بودجەیان کردووە بۆ ئەوەی نۆژەن بکرێنەوە.
خەبات پێویستی بە چەندین پڕۆژەی دیکە هەیە. قایمقامی قەزاکە دەڵێت، "ئەو پرۆژانەی بۆ ساڵی داهاتوو داوامان کردووە؛ پڕۆژەی ئاوی قەزای خەباتە کە نزیکەی دوو ملیار دیناری پێویستە و داوامان کردووە بودجەی بۆ تەرخان بکرێت." گوتیشی، "داوای زیاتر لە 30 ملیار دینارمان کردووە بۆ پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سنووری خەبات و ناحیەکانی، بەڵام دەکەوێتە سەر بودجەی بەردەست و حکومەت چەند پارەمان بۆ تەرخان دەکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ