رووداو - هەولێر
ئەمڕۆ لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە هەولێر، باوکێک و کوڕەکەی دەبێتە شەڕیان، کوڕەکە بە گوللـەی کڵاشینکۆڤ باوکی دەکوژێت و دەڵێت "پێشتر لەگەڵ باوکم کێشەم هەبووە و ئەمڕۆش لە دایکمی داوە".
هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە نیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەكشەممە، 6-10-2019) لە ئەنجامی كێشەیەكی خێزانی روویداوە.
کوڕەکە دوای رووداوەکە دەستگیرکراوە، چیرۆکەکە بۆ رووداو دەگێڕێتەوە و دەڵێت "پێشتر باوکم لە ماڵەوە کێشەی دروستدەکرد و لێمانی دەدا، ئەمڕۆ کاژێر 11:50 خولەک چوومەوە ماڵەوە، دەرگەی میوانخانەکەی لەسەر دایکم داخستبوو و لێیدەدا. دواتر کڵاشینکۆڤی لە من راکێشا و دایکم نەیهێشت لێمبدات، دواتر من چەکەم لێوەرگرت و کوشتم".
ئەو کوڕە زیاتر باسی باوکی دەکات و ئاماژە بەوە دەدات، "باوکم تەواونەبوو و حەبی نەفسی لەخۆیەوە دەخوارد و ماددەی هۆشبەر و مەشرووبی زۆر بەکاردەهێنا".
هادی سەلیمی، پەیامنێری رووداو دەڵێت، باوکەکە ناوی یونس عومەر قادرــە، تەمەنی 46 ساڵ بووە و پێشمەرگە و كەمئەندامی سەنگەر بووە، بەگوتەی پۆلیس "نەخۆشیی دەروونی هەبووە". بكوژەكەش ناوی (ر.)ـە و تەمەنی 27 ساڵە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ