سەرۆکی دادگەی فیدراڵی: راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی کەرکووک بە پارتی بۆ پاراستنی پێکەوەژیان بووە

06-10-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی لەبارەی رادەستکردنی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک رایگەیاند، بڕیاری بەپەلە بۆ راگرتنی رادەستکردنەوەیان لەپێناو پاراستنی دۆخی ئەمنی و پێکەوەژیان بووە لە کەرکووک و هیچ مەبەستێکی دیکەی لە پشتەوە نەبووە. بەرپرسێکی پارتیش دەڵێت، "رێککەوتنمان لەگەڵ حکومەتی عێراق کردووە بۆ رادەستکردنەوەی بارەگاکان و چاوەڕوانی رادەستکردنەوەیان دەکەین."
 
رۆژی هەینی 06-10-2023 دادوەر جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی فەرمیی هەواڵی عێراقی باسی بڕیاری راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک بەو حیزبەی کرد و گوتی، "کاتێک دادگەی باڵای فیدراڵی بڕیاری بەپەلەی دەرکرد بۆ راگرتنی رادەستکردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک بە یەکێک لە لایەنە سەرەکییەکان لە پرەنسیپی پاراستنی دۆخی ئەمنی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە لە کەرکووکەوە بووە، نەوەک هیچ مەبەستێکی دیکە وەکو ئەوەی هەندێک دەزگای میدیایی بانگەشەیان بۆ کرد."
 
سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق دەشڵێت، "گەلی عێراق متمانەی تەواویان هەیە کە پێکەوەژیان لەنێوان نەتەوەکانی کەرکووک پێکەوەژیانێکی مێژووییە و بەردەوام دەبێت."
 
هەر سەبارەت بە کەرکووک، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی لە هەڤپەیڤینەکەیدا دەڵێت، "حکومەت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک هەوڵی زۆر دەدات، بابەتی کەرکووک چارەسەرێکی نیشتمانیی دەوێت، کە جێی رەزامەندیی سەرجەم لایەنەکانی کەرکووک بێت، کەرکووک نوێنەرایەتیی عێراق دەکات و بەهایەکی نیشتمانیی لەلایە سەرجەم نەتەوەکان هەن و هەموو نەتەوەکانی کەرکووک شانازی بە عێراقیبوونیانەوە دەکەن."
 
هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، دۆخی کەرکووک سەقامگیرە و سەقامگیرییەکەی بەهۆی سەقامگیریی عێراقەوەیە، ئەوەشی گوتووە، "عێراق ئەم قۆناخە تێدەپەڕێنێت و لە عێراق دەوڵەتێکی مەدەنیی نیشتمانیی نوێ بۆ هەموو عێراقییەکان بونیاد دەنرێت لەسەر بنچینەی هاووڵاتیبوونی دروست و لەسەر بنچینەی پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ سەرجەم رۆڵەکانی گەلی عێراق."
 
رۆژی یەکشەممە 03-09-2023 دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەسەر داوای پەرلەمانتار وەسفی عاسی حوسێن، کە پەرلەمانتارێکی عەرەبی کەرکووکە و، داوایکردبوو دادگەکە بڕیارێکی بەپەلە بۆ راگرتنی رێکارەکانی رادەستکردنەوەی بارەگای "فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک" کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بارەگای خۆی دەزانێت و داوای دەکاتەوە، بدات. دادگەکە بڕیاریدا تاوەکو یەکلاییکردنەوەی ئەو سكاڵایەی دژی ئەو بابەتە کراوە، سەرجەم رێکارەکانی رادەستکردنەوەکە رابگیرێن.
 
رۆژی هەینی 06-10-2023 ئەحمەد گلی، راوێژكاری به‌رپرسی مه‌كته‌بی رێكخستنی پارێزگای كه‌ركووك - گه‌رمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وەڵامی قسەکانی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ئێمە بە رێککەوتنی سیاسی و لەگەڵ حکومەتی عێراق رێککەوتووین بارەگاکانی پارتی لە کەرکووک و شوێنەکانی دیکە وەربگرینەوە، چاوەڕوانین حکومەتی عێراق ئەو دۆسیەیە یەکلایی بکاتەوە، بەتایبەت بارەگای سەرەکییمان لە کەرکووک کە ئێستا فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووکی تێدایە ئەویان بووەتە سیمبولێک بۆ کورد و پێشتر بە بڕیاری عەرەبە شۆڤێنییەکان رێگری لە رادەستکردنەوەی کرا."
 
لە 27ی ئابی 2023وە بەشێک لە تورکمان و عەرەبی کەرکووک رێگەی سەرەکیی شارەکەیان لەگەڵ هەولێر داخست. ئەوان دژى رادەستکردنەوەى بارەگاى ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى پارتى دیموکراتى کوردستانن لەو شارە کە ئێستا بارەگاى ئۆپەراسیۆنەکانى کەرکووکە.
 
بەهۆى ئەو رێگە داخستنەوە، رۆژی 2-9-2023 ژمارەیەک هاونیشتمانیی کوردی کەرکووک خۆپێشاندانیان کرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بە تەقە وەڵامیان دانەوە، بەو هۆیەوە چوار خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستدا و 16ـی دیکەش برینداربوون.
 
لە رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017ـەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان هێرشیان کردە سەر کەرکووک و دەوروبەری، پارتی بارەگاکانی لە شارەکە چۆڵکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەسەر تەختە رەشێک نووسراوە "کورد، کوردی، کوردستان". وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکە دانراوە

هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی: زازاکی لە مەترسیدایە

رەمزیە ئاڵپارسلان، هاوسەرۆکی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی کوردی لە باکووری کوردستان هۆشدارییەکی تووند لەبارەی زمانی کوردی لەو پارچەیەی کوردستان دەدات و دەڵێ: "تاوەکو زمانی کوردی لە تورکیا و باکووری کوردستان نەچێتە نێو سیستمی پەروەردەوە، رزگاری نابێت."