ئومێد سەباح بۆ رووداو: بەغدا بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدات، بڕی دیاریکراو لە داهاتی نانەوتی دەنێرین

06-10-2025
پەیمان محەممەد
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەڵێ، لیستی مووچەی مانگەکانی ئاب و ئەیلوول بۆ بەغدا نێردراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات: ''هەر کاتێک بڕیاری خەرجکردنی مووچە بدرێ، ''دەستبەجێ'' پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی رادەست دەکەن.
 
ئەمڕۆ دووشەممە 06-10-2025، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی مووچە و رێککەوتنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر قسەی بۆ بەختیار قادر، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند: ''لیستی مووچەی مانگەکانی 8 و 9ـمان ئاراستەی بەغدا کردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا رەزامەندی لەسەر ناردنی مووچەکە نەدراوە.''
 
سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە. ئومێد سەباح گوتی: ''ئومێد دەکەم لە کۆبوونەوەکەدا رەزامەندی لەسەر [خەرجکردنی مووچە] بدرێ و باس لەوە کراوە کە لە رێگەی وەزیرە کوردەکانەوە، بابەتەکە دەخرێتە بەر باس.''
 
23ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و بڕیاری دا مووچەی مانگی تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکات.
 
سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی: ''ئامادەین پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین. هەر کاتێک بڕیاریان دا مووچەی مانگەکان (8 و 9) بنێرن، ئێمەش داهاتی ناوخۆی ئەو مانگە کە پشکی گەنجینەی فیدراڵی دەبێ، دەینێرین.''
 
بەغدا و هەولێر بە شێوەی کاتی رێککەوتبوون مانگانە 120 ملیار دینار لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان پشکی گەنجینەی فیدراڵی بێ. ئومێد سەباح گوتی: ''رێککەوتن لەسەر 120 ملیار لە داهاتەکە، بۆ سێ مانگ بووە و پێویستە لەبارەی داهاتی ناوخۆیی، بۆ ئێستا و داهاتوو رێککەوتنێکی گشتگیر بکرێ .''
 
ئومێد سەباح دەشڵێت: '' ئێمە ئامادەین ئەگەر [پشکی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان] بڕێکی دیاریکراو بێت یان نسبە، بیدەین. بەڵام دەبێ پشت بە دەستوور و یاساکان ببەسترێ.''
 
حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەمموز 120 ملیار دیناری وەک داهاتی نانەوتی خستەسەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق. 
 
بڕی داهاتی نانەوتی بۆ مانگی ئاب یەکلایی نەکراوەتەوە و چاوەڕێی گفتوگۆی شاندەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە.
 
دەقی قسەکانی ئومێد سەباح لەسەر پرسی مووچە:
 
ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لیستی مووچەی مانگەکانی هەشت و نۆی ئاراستەی بەغدا کردووە. تاوەکو ئێستا رەزامەندی لەسەر ناردنی ئەو بابەتە نەدراوە. ئومێد دەکەم لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەم بابەتە بدرێ و لە رێگەی وەزیرە کوردەکانی خۆمانەوە ئەم بابەتەمان باس کردووە کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بخرێتە بەر باس.
 
ئەوەی کە پابەندییە لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە ئامادەین پابەندییەکانی خۆمان جێبەجێ بکەین. هەر کاتێک بڕیاریان دا مووچەی مانگەکان بنێرن، ئێمە داهاتی ناوخۆیی ئەو مانگە کە پشکی گەنجینەی فیدراڵی بێت دەینێرین.
 
بەڵام دەبێ لەسەر داهاتی ناوخۆیی رێککەوتنێکی گشتگیر بکرێ بۆ ئێستا و بۆ داهاتوو. لەسەر 120 ملیار دینارەکەش روونە، تاوەکو ئێستا لەسەر سێ مانگ رێککەوتووین لەسەر [ناردنی] 120 ملیار دینار، بەڵام ئەوەی کە یەکلایی دەکاتەوە، گفتوگۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقە لەسەر بڕی پابەندییەکانیان. ئێمە ئامادەین ئەگەر بڕێکی دیاریکراو بێت یان ئەگەر  نیسبەش بێت، بیدەین. بەڵام دەبێ لە هەردووکیدا پشت بە دەستوور و یاساکان ببەسترێ، بەڵام هەر کاتێک مووچەی مووچەخۆران بدرێ، ئێمە ئامادەین پشکی گەنجینەی فیدراڵی دەستبەجێ رادەستی عێراق بکەین.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە