رێگەوبانی کۆیە: کۆمپانیای جێبەجێکاری رێگەی کۆیە-تەقتەق کەمتەرخەمە و لێی قبووڵ ناکەین

06-11-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری رێگەوبانی کۆیە رەخنەی تووند لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی رێگەی کۆیە - تەقتەق دەگرێت و بە "کەمتەرخەم" و "زۆر سست" وەسفی دەکات. هاوکات جەخت دەکاتەوە کە رێکاری یاسایی دژی دەگرنەبەر. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە هاونیشتمانیانی سنوورەکە سکاڵایان لە هێواشیی کارەکانی پڕۆژەکە هەیە.
 
ئەندازیار کۆسار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی رێگەوبانی کۆیە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی چاککردنەوەی رێگەی نێوان کۆیە و تەقتەق، کارەکانی "زۆر بە سستی" بەڕێوەدەبات و گوتی: "خۆم سەردانی رێگەکەم کردووە و لە نزیکەوە کارەکانی کۆمپانیاکەم بینیوە کە زۆر سستە."
 
بەڕێوەبەری رێگەوبانی کۆیە رایگەیاند، لەسەر ئەو کەمتەرخەمییە بێدەنگ نابن و گوتی: "هەر نووسراو ئاراستەی هەردوو قایمقامیەتی کۆیە و تەقتەق و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگەوبان دەکەین. نوێنەری کۆمپانیاکەش بانگهێشت دەکەین و ئاگاداری دەکەینەوە، رێکاری یاساییشی بەرامبەر دەگرینەبەر."
 
بە گوتەی ئەندازیار کۆسار، ئەو کۆمپانیایە سێ پڕۆژەی وەک یەک پاکێج بە گوژمەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دینار وەرگرتووە، کە بریتین لە: نۆژەنکردنەوەی رێگەی کۆیە - تەقتەق. رێگەی چنارۆک - هەیبەت سوڵتان و چاککردنی چاڵوچۆڵیی بەشێک لە رێگەی هەولێر - کۆیە.
 
رێگەی کۆیە - تەقتەق درێژییەکەی 7 کیلۆمەترە. بەڕێوەبەری رێگەوبانی کۆیە دەڵێت، "لەبەر گرنگییەکەی و زۆریی داواکاریی هاونیشتمانییان، یەکەمجار دەستمان بەوە کرد."
 
سەبارەت بە پێدانی پارەی پێشینە بە کۆمپانیاکە، کۆسار حەمەساڵح روونیکردەوە: "کۆمپانیاکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو قۆناخەی پێشینەی بۆ خەرج بکرێت، چونکە کارەکانی لە سەرەتادایە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە