چوار بۆ 5 مانگ دوای دەنگدان پارەی کارمەندانی سەر سندووقەکان دابەش دەکرێت

06-11-2025
سۆلین حەمەدەمین
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

235 هەزار کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان وەک کارمەندی سەر سندووق دیاری کراون، کۆمیسیۆن "چوار بۆ پێنج مانگ دوای هەڵبژاردن"  پاداشتی دارایی کارمەندان دەداتێ.
 
رۆژی پێنجشەممە، 6ـی تشرینی دووەمی 2025، ئەیسەر یاسین، بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان ژمارەیان زۆرە؛ ئەمەش وادەکات رێکاری زیاتر و کاتی زیاتری پێویست بێت بۆ ئامادەکردن و دابەشکردنی شایستە داراییەکانیان."
 
بە گوتەی ئەیسەر یاسین، چوار بۆ پێنج مانگ دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی عێراق شایستە داراییەکانی کارمەندانی سەر سندووق دابەش دەکرێت.
 
بەڕێوەبەری هۆبەی مەشق و راهێنان لە لقی هەولێری کۆمیسیۆن دەڵێت: "ئەمجارە جیاواز لە جارانی رابردوو، کارمەندان دەبێت کارتی بانکییان هەبێت، ئەوەی کارتی نییە دەبێت دروستی بکات، چونکە لەو رێگەیەوە شایستەکانیان وەردەگرن و دەتوانن لە ATMـەکانەوە پارەکانیان رابکێشن."
 
کارمەندانی سەر سندووق مووچە و ئەرکیان جیاوازە
 
لە هەرێمی کوردستان ناوی 34 هەزار کەس لە تیروپشکدا دەرچوو، بەسەر هەرسێ پارێزگای هەولێر، سلێمانی و دهۆک دابەش بوون.
 
ئەو کارمەندانە رۆژانی دەنگدانی تایبەت و گشتی لە زیاتر لە 39 هەزار وێستگە سەرپەرشتیی پرۆسەی دەنگدان دەکەن. لەو 34 هەزار کەسەی ناویان دەرچووە، 5٪ـیان وەکو یەدەگ دەستیشان دەکرێن.
 
مووچەی ئەو کارمەندانە بەپێی ئەرکیان جیاوازە و سێ جۆرە، سەرپەرشتیارانی بنکەی دەنگدانن 400 هەزار دینار وەردەگرن، بەڕێوەبەری وێستگە 300 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 200 هەزار دینار وەردەگرێ، بەڵام ئەوانەی فەرمانبەرن و سەرپەرشتیاری بنکەی دەنگدانن 300 هەزار دیناریان دەدرێتێ، بەڕێوەبەری وێستگە 200 هەزار دینار و کارمەندی سەر سندووقەکانیش 150 هەزار دینار وەردەگرن.
 
ئەو کارمەندانەی لە هەرێمی کوردستان ناویان بۆ سەر سندووقەکان دەرچووە بەمشێوەیەن:
 
 - پارێزگای هەولێر: 12 هەزار و 339 کەس
- پارێزگای سلێمانی: 13 هەزار و 340 کەس
- پارێزگای دهۆک: 8 هەزار و 256 کەس
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە