رووداو دیجیتاڵ
سوپای عێراق رێگریی لە جووتیارانی ناحیەی پردێ کرد و نەیهێشت لە 1,400 دۆنم زەوی، گەنمەشامی بدروونەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، زیاتر لە مانگێکە سوپای عێراق رێگری لە کار و دروێنەی گەنمەشامیی جووتیارانی کورد دەکات بە بیانووی ئەوەی عەرەبێکی هاوردە تاپۆی سەردەمی بەعسی لەسەر 1,400 دۆنم زەوی لە ناوچەکە هەیە.
شەوی 6ی کانوونی یەکەمی 2025، هێزێکی سوپا بە هەمەری سەربازییەوە چوونە سەر زەویی جووتیارانی گوندی گورزەیی و نەیانهێشت کار بکەن. هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداو، چووه لای جووتیاران و یەکێکیان بە رووداوی گوت: "تاپۆی حەوت پشتمان هەیە، کەچی رێگە نادەن کار بکەین."
فازڵ عوسمان، جووتیارێکی خەڵکی گوندەکەیە و بە رووداوی راگەیاند: "سەرەتا سوپا رێگەی دا کار بکەین، کاتێک دەڕاسە چووه سەر زەوییەکانمان و دەستی بە دروێنە کرد، هاتن و رێگەیان نەدا بەردەوام بێت. کەس نازانێت بۆ رێگری دەکەن، هەر دەقەیەک بابەتێک دێننە پێشەوە. دەڵێن تاپۆی بەناوی عەرەبی هاوردەوەیە، سەرەڕای ئەوەی ناوچەیەکی کوردییە، بەڵام لە سەردەمی رژێمی بەعس تاپۆکانیان بە ناوی خۆیانەوە کردووە. دەڵێن تاپۆمان هەیە، بەڵام هیچ دیار نییە."
عەبدولموتەڵیب نەجمەدین، بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئامانجی رژێمی لەناوچووی بەعس تەنیا ئەوە بوو کێشە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان دروست بکات. کۆمەڵێک خەڵکی هێنا و زەوی خۆمانی پێیاندا، هەروەها زەوییەکانی بە تاپۆ کرد بە ناویانەوە. کێشەی پردێ جیاوازە لە هی سەرگەڕان، ئەوانەی سەرگەڕان بە گرێبەست بوو، بەڵام ئەمانە بە تاپۆ کراون بە ناوی کەسانی دیکەوە. ئەو کەسە چەند جارێک هاتووەتە لام و دانیشتووین، بەڵام دەبێت دادگە ئەم بابەتە یەکلایی بکاتەوە. بۆ ئێستا رێیان داوە دروێنە بکەن."
بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ گوتی: "سبەی خۆم لەگەڵ جووتیاران دەچم. ئێمە پابەندی یاساین، بەڵام بەکارهێنانی رێگەی دیکە جێگەی قبووڵ نییە."
موستەفا، جووتیارێکی دیکەی کوردە و بە رووداوی گوت: "کورد تاپۆی هەیە، بەڵام هیی عەرەبەکە بەهێزترە. تاپۆی من لە پێش ئەوانیشەوەیە. چەند ساڵە ئەو زەوییە دەکێڵم، هی باو و باپیرانمە، بەڵام سکاڵای لەسەرە لەلایەن کەسێی عەرەبەوە کە سوپا پشتگیریی ئەو دەکات و رێگری لە ئێمە دەکات. بەڵام بە دەستیش بێت دەیدوورمەوە. هیچ عەرەبێک لەم ناوچەیە نییە و هەمووی کوردن. خوێنمان لەسەر رژابێت، مەگەر بەسەر لاشەی ئێمەدا بڕۆن و بهێڵین بێنەوە سەر ئەو زەوییانە."
ئەو جووتیارە گوتیشی: "جووتیارەکان دەستگیر دەکەن تاوەکو رێگری لە دروێنە بکەن و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش ئاگاداری بابەتەکەن."
جووتیارێکی دیکە بە هەردی محەممەد، پەیامنێری رووداوی گوت: "جارێکی دیکە کارکردنیان و دەڕاسەکانیان راگرتووەتەوە. بڕیارە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکان بێتە ئێرە. بابەتەکە سیاسییە. پیاوێک خۆی بە خاوەنی ئێرە دەزانێت کە لە موسڵ زەویی لێوەرگیراوەتەوە و لە بەرامبەر ئەوەدا ئێرەیان پێداوە."
ئەم ساڵ جووتیاران بەشێکی زۆری زەوییەکانیان کردووەتە گەنمەشامی، ئەمڕۆ بڕیاریان دا بەبێ گوێگرتن لە رێگرییەکانی سوپا، دەست بە دروێنەی گەنمەشامییەکانیان بکەن. یەکێک لە جووتیارەکان گوتی، "دیسان هاتوونەتەوە و دەڵێن رایگرن و نەهێڵن بیدوورینەوە. دەڵێن دەبێت بەڵێننامە پڕ بکەنەوە و ئەوکات بیدوورنەوە، بەڵام ئێمە ئەوەمان رەتکردووەتەوە. تەنیا بە مەرجێک دەیکەین کە هەم ئێمە و هەم ئەوانیش بەڵێننامە پڕ بکەینەوە کە نابێت دەستکاریی ئەو زەویانە بکرێت تاوەکو یەکلا دەکرێتەوە. زەوییەکە هی باب و باپیرانمانە و تاپۆی حەوت پشتیمان هەیە. ئێستا تاپۆیان لەسەر تاپۆ کردووە. ئێوارە جووتیاری کورد بە دەستی سوپا لێ درا".
هەردی محەممەد دەڵێت، "لەگەڵ دەستپێکردنی دروێنە، هێزێکی زۆری سوپا هاتنە سەر جووتیاران و گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو و پەلاماری دوو جووتیاریش درا. دواتر فەرماندەی فرقەی 8 خۆی هاتە ناوچەکە و فەرمانی کرد دەست بە دروێنە بکرێتەوە و بڕیارە سبەی شاندێک لە جووتیاران و ناحیەی پردێ سەردانی ئۆپەراسیۆنەکان بکەن و بەڵێننامەیەک پڕ بکەنەوە کە نە کورد و نە عەرەبی هاوردە کار لەسەر زەوییەکە نەکەن".
بەڵام تەنیا 15 خولەک بەسەر کارکردنی جووتیاراندا تێپەڕی، جارێکی دیکە سوپا هێزی رەوانە کردەوە و دەڕاسەکانیانی راگرت و پێیانی راگەیاند، "فەرمان هاتووە دیسان دەست لە کارکردن هەڵبگرن."
دواتر فەرماندەی فرقەی هەشت گەڕایەوە لای جووتیاران و پێی گوتن، "تاوەکو بەڵێننامەکە پڕ نەکەنەوە، نابێت دروێنە بکرێت". سوپا جووتیاران و دەڕاسەکانی لەسەر زەوی و زارەکانیان دوور خستەوە و بڕیارە سبەی شاندێک لە جووتیاران و بەڕێوەبەری ناحیەی پردێ سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان بکەن بۆ ئەوەی بەڵێننامەکە پڕ بکەنەوە.
گوندی گورزەیی سەر بە شارۆچکەی پردێ، ناوچەیەکی تەواو کوردییە و لەدێرزەمانەوە هیچ ماڵێکی عەرەب لەو گوندە و تەنانەت لە ناوچەکەش نەبووە. زەوییەکەش لە جۆری (ئیتفا)یە کە لە سەردەمی بەعس لە کورد داگیر کراوە و دراوەتە عەرەبی هاوردە لە بەرامبەر قەرەبووی زەوییەک لە سنووری نەینەوا کە بۆ دروستکردنی فڕۆکەخانەی گەیارە تەرخان کرابوو. واتە عەرەبە هاوردەکە خەڵکی موسڵە و ئەو زەوییە 20 تاپۆی کوردی لەسەرە، کەچی کراوەتە دوو تاپۆ بۆ ئەو هاوردەیە. بڕیاری 29ی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەیگرێتەوە کە ئێستا چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە و دەبێت بەفەرمی بۆ جووتیارانی کورد بگەڕێتەوە، بەڵام هێشتا لایەنە سەربازییەکان گوێی لێ ناگرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ