رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیان داوا لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی کەلار، کفری و خانەقین دەکات دوو رۆژی دیکە دەست بە دەوام بکەنەوە.
لە نووسراوێکدا کە واژۆی دارا ئەحمەد سەمین، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی گەرمیانی بەسەرەوەیە و ئەمڕۆ (یەکشەممە، 7-1-2024) بڵاوکراوەتەوە، هاتووە "بۆ ئەوەی دواڕۆژی منداڵەکانمان بەفیڕۆنەچێت، داوا لە ناوەندەکانی خوێندنی سنووری پەروەردەکانتان (کەلار، کفری و خانەقین) بکەن لە رێکەوتی 9-1-2024 دەست بە دەوام بکەنەوە."
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "خۆشبەختانە هەوڵی مامۆستایان بەهەدەر نەچوو، پاش وەرگرتنی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر بەشێک لە داواکارییەکانیان، وەزارەتی پەروەردە لە نووسراویان ژمارە 1 لە 7-1-2024 وەڵامی یاداشتەکەی مامۆستایانی دایەوە بۆیە پیرۆزبایی ئەم دەستکەوتە لە مامۆستایان دەکەین."
ئەم راگەیێندراوە دوای ئەوە هات: وەزارەتی پەروەردە گوتی، پاش هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق و ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان، داواکاریی مامۆستایانی ناڕازی جێبەجێ دەکەن.
هەر ئەمڕۆ مامۆستایانی ناڕازیی سلێمانی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایانگەیاند، بایکۆت بەردەوام دەبێت و ناچنەوە هۆڵەکانی خوێندن.
بڕیارەکەی وەزارەتی پەروەردە لەکاتێکدایە، نزیکەی چوار مانگە و لە 13-09-2023ـەوە ساڵی خوێندنی 2023 – 2024 دەستیپێکردووە، بەڵام مامۆستایان لە پەروەردەکانی سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان و راپەڕین و پەروەردەی کۆیە بایکۆتی دەوامیان کردووە.
داواکاریی مامۆستایانی دامەزراو و وانەبێژان بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن چەند خاڵێکە؛ خاڵە سەرەکییەکان پلە بەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران، دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ، پێدانی مووچەی 30 رۆژ جارێک و دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکانە.
لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا، مامۆستایانی وانەبێژ و دامەزراو لەو ناوچانەی بایکۆتیان کردووە چەندین گردبوونەوە و ناڕەزاییان بەڕێوەبردووە و داوای جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان کردووە، چەند جارێک قوتابییانیش لەگەڵ مامۆستایاندا بەشداریی ناڕەزاییەکانیان کردووە و لەگەڵ پشتگیرکردنی داوای مامۆستایان، داوایان کردووە هەوڵەکان چڕبکرێنەوە بۆ دەستپێکردنی خوێندن لە سنوورەکانیان.

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ