رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆی حەلەب بە فەرمی هەر جۆرە ئاگربەست و هێورکردنەوەیەک رەتدەکاتەوە و دەڵێت، "بۆ هەڵخەڵەتاندنی رای گشتییە،" هاوکات ئاشکرای دەکات کە هێزەکانی حکومەت لە چەند کاژێری داهاتوودا هێرشێکی بەرفراوان دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 07-01-2026، هێزەکانی ئاسایشی نێوخۆ لە حەلەب (سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر) لە "روونکردنەوەیەکدا" بۆ رای گشتی رایگەیاند: "هەموو ئەو هەواڵانەی باس لە بوونی هێورکردنەوە دەکەن لە شاری حەلەب دوورن لە راستییەوە و دەچنە چوارچێوەی چەواشەکاریی بەمەبەست و هەڵخەڵەتاندنی رای گشتی."
ئاسایش دەڵێت ئامانج لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی ئاگربەست، "داپۆشینی ئەو تاوانانەیە کە گرووپەکانی دیمەشق دەیکەن."
هۆشداری لە هێرشی فراوان
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: "بەپێچەوانەوە، هەموو هەوڵەکانی هێزەکانمان بۆ گەیشتن بە هێورکردنەوە شکستیان هێناوە، ئەوەش بەهۆی سووربوونی گرووپەکانی حکومەتی دیمەشق لەسەر هەڵکشانی سەربازی و ئامادەکارییان بۆ کردنی هێرشێکی بەرفراوان لە چەند کاژێری داهاتوودا."
"4 هێرشی تانکیان تێکشکاند"
ئاسایشی حەلەب رایگەیاند، گرووپەکانی سەر بە حکومەت "چوار هێرشی لەدوای یەکیان بە تانک و زرێپۆش کردووە،" بەڵام لەلایەن ئاسایش و دانیشتووانی گەڕەکەکەوە بەرپەرچ دراونەتەوە.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە دانیشتووانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە "هەر جۆرە کۆچپێکردنێکی زۆرەملێ رەتدەکەنەوە" و ئەزموونەکانی سەردەمی بەعس دووبارە ناکەنەوە."
حەلەب لەژێر ئاگر و گەمارۆدا
لە کاژێرەکانی دوای نیوەڕۆی رۆژی سێشەممەوە (06-01-2026)، شاری حەلەب بووەتە گۆڕەپانی یەکێک لە سەختترین پێکدادانەکانی ساڵانی رابردوو. تۆپبارانی چڕی تانک و تۆپخانەکان ئاسمانی شارەکەیان تەنیوە و تاوەکو ئێستا دەیان کەس بوونەتە قوربانی.
بە گوێرەی ئامارەکان، هیچ لایەک لە زیان بێبەش نەبووە. لە گەڕەکە کوردییەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە، ئاماری قوربانییان بۆ 7 گیان لەدەستدان و 54 بریندار بەرزبووەوە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن.
گەڕەکەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتیش (وەک مەیدان) بەشێکیان لە ئاگرەکە بەرکەوتووە. تەندروستیی حەلەب باسی 5 کوژراو و 27 بریندار دەکات، جگە لە کوژرانی سەربازێک و برینداربوونی 3 ئەندامی ئاسایشی نێوخۆ.
دەنگدانەوەی شەڕەکە سنوورەکانی سووریای تێپەڕاندووە. سەرۆک بارزانی هۆشداری لە مەترسیی "پاکتاوی رەگەزی دژی کورد" دا و داوای لە دیمەشق کرد ناکۆکیی سیاسی نەکاتە نەتەوەیی. هاوکات لە لەندەن و بەرلینەوە، بەریتانیا و ئەڵمانیا بە "نیگەرانیی زۆر"ـەوە داوای وەستانی دەستبەجێی شەڕ دەکەن. هەموو ئەمانە لە کاتێکدان فڕۆکەخانەی حەلەب داخراوە و دەنگی ئاگربەستیش نابیسترێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ