رێکخراوی جاسەنە: داخستنی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان ناتەبایە لەگەڵ ئازادیی رۆژنامەگەری

07-02-2022
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
نیشانەکردن رووداو رۆژئاوای كوردستان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کاردانەوەکان بەرامبەر داخستنی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆ و قەدەخەکردنی کاری رووداو لە رۆژئاوای کوردستان بەردەوامن؛ رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادیی بیروڕا دەڵێت، داخستنی رووداو لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە ناتەبایە لەگەڵ ئازادیی رۆژنامەگەری.
 
لە راگەیێندراوەکەی رێکخراوی جاسەنەدا هاتووە، دوای چەندین جار رێگرتن و گوشار خستنەسەری، دواجار بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر كارەكانی تۆڕی میدیایی رووداوی لەسەرتاسەری رۆژئاوای کوردستان قەدەخەکرد؛ هەروەها هاتووە: "داخستنی تۆڕی میدیایی رووداو ناتەبایە لەگەڵ پرەنیسپی  ئازادیی رۆژنامەگەری لەو پارچەیەی كوردستان، كە خەڵكەكەی زیاترە لە سەدەیەك قوربانی نەبوونی ئازادی و دیموكراسییە؛ لە كاتێكدا بوونی فرەیی میدیایی لەهەر وڵاتێكدا كۆڵەكەیەكی سەرەكی هەر سیستمێكی دیموكراسییە".
 
رێکخراوی جاسەنە دەڵێت: "داخستنی رووداو لە رۆژئاوای كوردستان و میدیاكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان لە هەولێر و دهۆك، ئازاردان و فشارخستنە سەر رۆژنامەنووسان لەو دوو پارچەیەی كوردستان، نابێت تەنها لە چاوی میدیاییەوە تەماشابكرێت، بەڵكو هەموو ئەو هەنگاوانەی لە رۆژئاوای كوردستان بەرامبەر رووداو و میدیاكانی دیکە دەگیرێتەبەر، ئەو هەنگاوانەی بەرامبەر میدیاكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان و رۆژنامەنووسەكانی لە باشووری کوردستان دەگیرێتەبەر، ئەنجامی دۆخێكی سیاسی و میدیایی ناتەندروستە كە لە كوردستاندا گوزەر دەكات و زەرەرمەندی یەكەمیش هاووڵاتییە كە رێگری لێدەكرێت هەواڵ و زانیاریی جیاواز وەربگرێت‌ و هەروەها رۆژنامەنوسانی ئەو كەناڵانەش زەرەرمەندن كە كار و پیشەی ژیانیان لەدەستدەن".
 
رێکخراوی جاسانە دەڵێت، لە رۆژئاوای کوردستان و باشووری کوردستان میدیاكان و میدیاكاران دەبنە قوربانیی سیاسەت و پەیوەندیی نێوان هێز و كەسایەتییە سیاسییە ناكۆكەكانی پارچەكانی كوردستان.
 
لە بەردەوامیی راگەیێندراوی رێکخراوەکەدا هاتووە: "دۆخی میدیای كوردستان بەمشێوەیەی هەیە كە هەر خەریكی تۆمەتباركردنی یەكتریین، هەرگیز ناگاتە دۆخێكی تەندروست، كە فرەیی میدیا لە دایكبێت و ئازادی كاری میدیایی دەستەبەربێت، هەربۆیە تێڕوانینێكی گشتگیر لە دۆخی میدیادا لە هەردوو پارچەی كوردستان باشوور و رۆژئاوا، رەنگە یاریدەدەرێك بێت بۆ دۆزینەوەی رێگەچارەیەك، كە ئەویش ئێستا گەیشتنە بە میساقێكی گشتیی رۆژنامەنووسی لە نێوان رۆژنامەنووسانی باشوور و رۆژئاوای كوردستان، لە ئاییندەشدا رۆژنامەنووسانی پارچەكانی دیکەی كوردستان كە زەمینەی ئازادیی تەواو خۆش بكات بۆ كاری رۆژنامەگەری".
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا، رێکخراوی جاسەنە رایدەگەیێنێت، "داخستنی رووداو و رێگەنەدان بە رووماڵ و دەستگیركردنی رۆژنامەنووسانی نزیك لە میدیاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان، هەردووكیان پێشێلكارین و سرووشتی ئەو دەسەڵاتانە پێشاندەدەن كە حوكمی كوردستان دەكەن؛ هەربۆیە نزیكبوونەوەی میدیاكارانی كەناڵە جیاجیاكانی پارچەكانی كوردستان و پشتبەستن بە كاری پیشەیی رۆژنامەنووسی هەنگاوە راستەكە دەبێت بە ئاراستەی دابینكردنی ئازادی كاری میدیایی".
 
بە بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، لە 5ی ئەم مانگەوە کارکردنی تۆڕی میدیایی رووداو لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە قەدەخەکراوە.
 
لەبەرامبەر ئەو بڕیارەدا، تۆڕی میدیایی رووداو لە راگەیێندراوێکدا رۆژی 5ی مانگ رایگەیاند، "بڕیارەکەی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر تاوانە. ئەم بڕیارە بڕیارێکی سیاسییە. رووداو بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵ و بەگوێرەی یاساکان لە هەموو شوێنێک کار دەکات. هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ ئەم بڕیارە نییە. رووداو کێشەکانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستانی گواستووەتەوە و گەیاندوویەتیە بەرپرسانی رێڤەبەری  خۆسەر".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک لەو گەنجە کوردانەی لە لیبیا گیریانخواردووە، وێنەکە تایبەتە بە رووداو

جارێکی دیکە گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی کورد لە لیبیا دواخرا

بۆ دووەم رۆژ لەسەریەک، پرۆسەی گەڕانەوەی ئەو کۆچبەرە کوردانەی لە لیبیا گیریانخواردووە، دواخرا؛ پەرلەمانتارێکی کوردیش دەڵێت، رەزامەندیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ ناردنی فڕۆکەی تایبەت وەرگیراوە.