رووداو دیجیتاڵ
لە درێژەی رۆژی چالاکییەکانیدا بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی، دەم پارتی ئامادەکاری بۆ گردبوونەوەیەکی جەماوەری گەورە لە ئامەد دەکات.
بە بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی، لە یەکی ئەم مانگەوە رێکخستنەکانی ئەو پارتە لە 51 پارێزگای باکووری کوردستان و تورکیا لەژێر ناوی "ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و دیداری ئازادی" دەستیان بە رێکخستنی چالاکی کردووە.
بڕیارە کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی سبەی شەممە 8ـی شوباتی 2025، بە ئامادەبوونی هاوسەرۆکان، بەشێکی زۆری ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنی دەم پارتی، گردبوونەوەیەکی جەماوەری لە گۆڕەپانی ئیستاسیۆن لە ئامەد رێکبخرێت.
گردبوونەوەکە لەژێر ناوی "ئاشتی بۆ ئازادی" دەبێت و تێیدا ژمارەیەک پارتە کوردییەکانی باکووری کوردستانیش بەشدار دەبن.
ئەم بڕیارەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی دوای سەردانی دووەمی شاندی پارتەکە بۆ دوورگەی ئیمراڵی و دیداری عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە هات.
ئامانج لە گردبوونەوە جەماوەری و چالاکییە سیاسییەکانی دەم پارتی جەختکردنەوەیە لە پێویستیی چارەسەرکردنی پرسی کورد؛ لە زۆربەی چالاکییەکاندا هەریەک لە تولای هاتیمئۆغوڵڵاری و تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و بەشی زۆری پەرلەمانتارەکانیان بەشدار دەبن.
بەرنامەی رۆژانی داهاتووی چالاکییەکانی دەم پارتی بەم شێوەیە دەبێت:
رۆژی 9ـی شوبات: لە ئادانا و مێردین
رۆژی 10ـی شوبات: لە ئیزمیر
شاندی دەم پارتی کە لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان پێکهاتبوون، لە رۆژانی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 و 22ـی کانوونی دووەمی 2025 بە نوێنەرایەتیی دەم پارتی سەردانی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆبوونەوە.
دوای یەکەم کۆبوونەوە، شاندەکەی دەم پارتی پەیامی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی لەبارەی پرۆسەی ئاشتی گەیاندە لایەنە سیاسییەکان و بۆچوونی ئەوانیشی وەرگرت. لە دیداری دووەمیشدا، بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانیان گەیاندە ئۆجەلان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ