رووداو دیجیتاڵ
ناوەندی دیجلە بۆ لێکۆڵینەوەی کۆمەڵایەتی، لە ئامەد پانێڵێکی بە ناونیشانی "سووریا، رۆژئاوا و پرسی کورد" رێکخست. لە پانێڵەکەدا، میدحەت سانجار، پەرلەمانتاری مێردینی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، چارەسەری کێشەکانی ناوچەکە لە رێگەی سیاسەتی دیموکراسییەوە دەبێت.
پانێڵەکە، رۆژی شەممە، 7ـی شوباتی 2026، لە هۆڵی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی ئامەد بەڕێوەچوو. نوێنەرانی پارتە سیاسییەکان، رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ژمارەیەکی زۆر لە بانگهێشتکراوان بەشدارییان تێدا کرد.
لە پانێڵەکەدا، پرۆسەی سیاسیی ئێستای تورکیا، پێشهاتەکانی سووریا و دۆخی رۆژئاوای کوردستان بە شێوەیەکی گشتگیر تاوتوێ کران.
میدحەت سانجار، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە توندوتیژی لە چارەسەری پرسی کورد دا نەمێنێت و گوتی، "پرۆسەی تورکیا بە تێگەیشتنێک دەستیپێکرد کە پرسی کورد لە زەمینەی چەک و توندوتیژییەوە بۆ زەمینەی یاسایی و سیاسی بگوازێتەوە. بانگەوازی بەڕێز ئۆجەلان لەم ئاراستەیەدا بوو. ئاشتیی کۆتاییهێنانە بە پێکدادان؛ کۆمەڵگەی دیموکراسیش بریتییە لە داڕشتنی رێوشوێنی یاسایی بۆ هەمیشەییکردنی ئاشتی."
سانجار، سەرنجی بۆ ئەوە راکێشا پرۆسەکە بە خاوی بەڕێوەدەچێت و گوتی، بڕیاری دانانی چەک بە تەنیا بەس نییە، بەڵکو پێویستە بە هەنگاوی یاسایی و تێکەڵکردنی سیاسیی پشتیوانیی بکرێت.
سانجار باسی لەوەش کرد، پرۆسەی پێکدادانی زیاتر لە 40 ساڵ، لەنێو کۆمەڵگە و سیاسەتدا هەندێک خووی دروستکردووە و گوتی: "ئەگەر توندوتیژی کۆتایی بێت، سیاسەت جێگەی دەگرێتەوە. پێویستە هەلومەرجێک بڕەخسێندرێت کە تێیدا ئامانجەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی دیموکراسی و یاسادا بەدی بهێندرێن. ئێستا لە قۆناخی بنیاتنانی چارەسەریداین و لەم خاڵەدا بەرپرسیاریێتی تەنیا ناکەوێتە ئەستۆی ئەکتەرە سیاسییەکان، بەڵکو ئەرکی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگەیە. کاتی ئەوە هاتووە بە هۆشیارییەکی بەهێزی کۆمەڵایەتییەوە کار بکەین."
میدحەت سانجار، ئاماژەی بە پێشهاتەکانی سووریا و رۆژئاوای کوردستانیش کرد و رایگەیاند، ئەو مۆدێلەی لە رۆژئاوای کوردستان تاقیکرایەوە، ئەزموونێکی گرنگە بۆ پێکەوەژیانی ناسنامە و باوەڕە جیاوازەکان. گوتی، "ئەو بۆچوونانەی دەڵێن ئەم مۆدێلە شکستی هێناوە، بە واقیعی و دروستیان نازانم. پێویستە بە وەرگرتنی وانە لە کەموکوڕییەکان، ئەم فکرەیە پەرەی پێبدرێت. دەبێت ئەمە ببێتە مۆدێلی ئارامی، ئازادی و ئاسایش بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست."
سانجار، لە کۆتایی قسەکانیدا جەختی لەسەر جیۆپۆلیتیکی ناوچەکە کردەوە و گوتی، داننان بە مافەکانی کورد مەرجە بۆ ئاشتیی هەرێمی: "پێشهاتەکانی سووریا ئەوەیان نیشان دا؛ ئەگەر رێکخستنی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەبێ داننان بە بوون و ئازادیی کورد دا دروست بکرێت، ئەمە جگە لە پێکدادان هیچ شتێکی دیکە بۆ ئەم ناوچەیە ناهێنێت. مەرجی سەرەکیی پێکەوەژیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بریتییە لە قبوڵکردنی بوون و ئازادیی گەلی کورد. دەرخستنی ئەم راستییە ئەرکی هەموومانە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ