رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکات بەدواداچوون بۆ هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان بکات و ئەنجامدەرانی سزا بدات. ئاماژە بەوەش دەکات، زۆربەی هێرشەکان لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە دەکرێن.
رۆژی سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، فەرهاد ئەترووشی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە حکومەتی فیدراڵیی عێراقمان راگەیاندووە پێویستە بەدواداچوون بۆ ئەو هێرشانە بکرێت دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و ئەنجامدەرانی سزا بدرێن و لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێ."
سەبارەت بە هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکان بۆ راگرتنی هێرشەکان، فەرهاد ئەترووشی گوتی: "لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک بە تایبەتی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوومەتەوە و داوام لێکردووە سنوورێک بۆ ئەو هێرشانە دابنرێت کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان."
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی: "جگە لەو هێرشانەی لەلایەن ئێرانەوە دەکرێن، زیاتر لە 90%ـی هێرشەکان لەلایەن گرووپە لە یاسا دەرچووەکانەوە دەکرێن، کە ئەمەش پێشێلکارییە بەرامبەر سەروەریی هەرێمی کوردستان".
فەرهاد ئەترووشی گوتی، هەموو لایەنە کوردستانییەکان هاوڕان لەسەر پاراستنی خاک و سەروەریی هەرێمی کوردستان و داوای راگرتنی هێرشەکانیان کردووە.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هەڵوێستی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە و گوتی: "سیاسەتمان روونە و ناچینە نێو ئەم شەڕ و ململانێیانەوە، بۆیە داوا لە حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەستوەردان بکەن بۆ راگرتنی ئەو دەستدرێژییانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان."
بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئێران بە شەش مووشەک هێرشی کردە سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە پارێزگای هەولێر و لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگە شەهید بوون و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ