چیرۆکی کەیوان؛ باوکی لە شەڕی داعش قاچی لەدەستدا و خۆیشی بە مووشەک شەهید کرا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئەندام جەبار
شەهید کەیوان
شەهید کەیوان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

موزەفەر گوانی، یەکەمین پێشمەرگەیە لە شەڕی دژی داعشدا بریندار بووە و 12 ساڵە لەسەر جێگەیە. مووشەکەکانی ئێران جەرگی ئەم پێشمەرگە دێرینەیان سووتاند. کەیوان، ئەو کوڕەی تەنیا 9 مانگ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو و چاوەڕێی بینینی یەکەم منداڵی بوو، لەپێناو رزگارکردنی هاوسەنگەرەکانی دا شەهید بوو.
 
باوکی کەیوان 12 ساڵە برینێکی قورس لە جەستەیدایە. ئەو تەنیا بۆ چەند خولەکێک هێنرایە پرسەی کوڕە شەهیدەکەی، بەڵام ئازاری جەستەی جارێکی دیکە خستییەوە سەر جێگە.
 
موزەفەر گوانی بە دەنگێکی پڕ لە خەمەوە باسی ساتی رووداوەکە بۆ رووداو دەکات: "لە ماڵەوە بووم و تەلەفۆنم بۆ کرد، پێم گوت کوڕەکەم کەیوان لە کوێیت؟ گوتی مووشەک بەر بارەگامان کەوتووە و وا دەچینە سەر شوێنی مووشەکەکان. لەو کاتەدا دەنگی مووشەکێکی دیکە هات؛ تەلەفۆنم بۆ کردەوە داخراو بوو. چوومە نەخۆشخانە لەوێش نەبوو، دواتر پێیان گوتم کوڕەکەت شەهید بووە."
 
شەهید کەیوان تەمەنی 22 ساڵ بوو و تەنیا 9 مانگ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو. ئەو بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێ بوو بەمزووانە ببێتە باوک. شوان موزەفەر، برای کەیوانە و دەڵێت: "منداڵێک لە سکی خێزانەکەیدایە، کەیوان زۆر پێی دڵخۆش بوو. پێم گوت کەیوان کە منداڵەکە لەدایکبوو دەیکەیتە چی؟ ئەویش گوتی دەیکەمە پێشمەرگە وەکو خۆم با بەرگری لە خاک و وڵاتی خۆمان بکات."
 
بەرەبەیانی رۆژی سێشەممە لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر بنکەیەکی هێزی پێشمەرگە لە سپیلک، 6 پێشمەرگە شەهید و 30 پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی وەزارەتی پێشمەرگە، ئێران بە 6 مووشەکی بالیستی و لە دوو هێرشی جیاوازدا بارەگاکانی هێزی پێشمەرگەی لەو ناوچەیە کردووەتە ئامانج.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە