پێشبینیی بارانی بەخوڕ دەکرێ؛ لە کەرکووک هۆشداری دەدرێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
گەشاو خالید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ژووری رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکان لە پارێزگای کەرکووک هۆشدارییەکی بەپەلە دەداتە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان، دەڵێت، بەگوێرەی پێشبینییەکان، پارێزگاکە رووبەڕووی شەپۆلێکی ناسەقامگیریی کەشوهەوا و بارانی بەخوڕ دەبێتەوە. 
 
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کەرکووکیش داوا دەکات دانیشتووانی چەند گەڕەکێک ماڵەکانیان چۆڵ بکەن. زاگرۆس وەلی جان، ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، بە رووداوی راگەیاند: "لە رێگەی شانەی قەیرانەکانی پارێزگاوە ئاگادارکراوینەتەوە کە لەمڕۆوە تاوەکو رۆژی هەینی، بارانێکی زۆر دەبارێ و ئەگەری هەیە بڕەکەی بگاتە 60 ملم."
 
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی کەرکووک گوتی، پێشبینییەکە بەو جۆرەیە کە شەپۆلەکە رۆژانی پێنجشەممە و هەینی بەخوڕ دەبێت و مەترسیی دروستبوونی لافاو هەیە، بەتایبەت لەو شوێنانەی زستانی ئەم ساڵ ئاویان تێدا کۆبووەوە. 
 
زاگرۆس وەلی جان گوتیشی: "داوا لە هاونیشتمانی و هاووڵاتییان دەکەین، ئەوانەی ناوچەکەیان مەترسیی لافاوی لەسەرە، بەتایبەت لە گەڕەکەکانی شۆراو، پەنجە عەلی و ماڵەکانی نزیک سەیادە و زانکۆی کەرکووک، ماڵەکانیان چۆڵ بکەن."
 
زاگرۆس وەلی جان ئاماژە بەوە دەکات، پێشبینی دەکرێ بەهۆی بارانەوە ئاوی زێی بچووک بەرزبێتەوە، بۆیە پێویستە دانیشتووانی ناحیەی پردێ لە رووبارەکە دوور بکەونەوە.
 
هاوکات ژووری رووبەڕووبوونەوەی قەیران و کارەساتەکانی کەرکووک گوتی، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان خراونەتە ئامادەیی تەواوەوە و تیمەکانی فریاکەوتن بە شێوەی 24 کاژێری کاردەکەن.
 
زاگرۆس وەلی جان گوتی:" نووسراوی فەرمیمان ئاراستەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردووە تاوەکو چارەسەری کێشەی ئاوەڕۆی گەڕەکەکان بکەین کە مەترسی لافاویان لەسەرە و وەزارەت پێی گوتین کە تاوەکو بودجەی 2026 پەسند نەکرێ، هیچ پارەیەک خەرج ناکرێ. ئەو پڕۆژەیەش پێویستی بە زیاتر لە 9 ملیار دینارە."
 
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند :"پێشبینی بارانێکی بەخوڕ دەکەین. ئێمە ناوی دەنێین کەشی بەهارە. شەپۆلی بارانبارینەکە بە زۆری رۆژی پێنجشەممە دەبێت."
 
بە گوێرەی دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، شەپۆلی بارانبارینە چڕەکە پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی، کەرکووک و دیالە دەگرێتەوە، بەڵام پێشبینی بارینێکی مامناوەند لە پارێزگای دهۆک دەکرێ.
 
وەک عامر جابری دەڵێ، پێشبینی دەکرێ بارانی بەخوڕ لە بەغدا، بەسڕە، واست و زۆربەی پارێزگاکانی دیکەی باشووری عێراق ببارێ.
 
عامر جابری گوتی:"پێشبینی دروستبوونی لافاو لە هەندێ شوێن دەکەین". 
 
نووسینگەی پارێزگاری کەرکووک بڵاویکردەوە، بەهۆی مەترسی لافاو و بارانی بەخوڕ بۆ دەوامی قوتابخانەکان، سبەی و دوو سبەی پشووە. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە