رووداو دیجیتاڵ
لەنێو بازاڕ و شەقامەکانی تاران، ترس لە ئەگەری هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە چاوی هاووڵاتییاندا دەبینرێت. خەڵکی پایتەخت دەڵێن، جەنگی ئابووری تەنگی پێهەڵچنیون و ململانێی سەربازی دۆخەکە کارەساتبارتر دەکات.
ئەمین، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی تارانە و بە نیگەرانییەوە قسە دەکات. ئەو دەڵێت، "لە بنەڕەتدا جەنگ هیچ ئەنجامێکی باشی نییە. ئێمە ئێستاش لەنێو جەنگداین، جەنگێکی ئابووری. ئەو هەڵاوسانەی ئێستا بەدەستیەوە دەناڵێنین، لە ململانێیەکی سەربازی خراپترە؛ پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ دوورکەوتنەوە لە جەنگی سەربازی."
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی لە کانوونی دووەمی 2025ـەوە، دووبارە دەستی بە جێبەجێکردنی سیاسەتی "ئەوپەڕی گوشار" بۆ سەر ئێران کردەوە. سکۆت بێسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا باس لە کاریگەریی ئەو سیاسەتە دەکات و دەڵێت: "ئەوەی ئێمە توانیمان بیکەین، دروستکردنی کورتهێنانی دۆلارە لەو وڵاتە."
وەزیری گەنجینە ئاماژە بەوە دەکات "ستراتیژییەکە لە کانوونی یەکەمدا بەخێرایی گەیشتە لووتکە، کاتێک یەکێک لە گەورەترین بانکەکانی ئێران مایەپووچ بوو." بێسێنت دەڵێت: "قەرەباڵخییەکی زۆر لە بانکەکە دروستبوو، بانکی ناوەندی ناچار بوو پارە چاپ بکات، بەو هۆیەوە بەهای دراوی ئێرانی بە خێرایی دابەزی و هەڵاوسان تەقییەوە."
لەو کاتەوەی ترەمپ گەڕاوەتەوە کۆشکی سپی، تمەنی ئێرانی 100%ـی بەهای خۆی بەرامبەر دۆلار لەدەستداوە و ئێستا یەک دۆلار بە 162 هەزار تمەن مامەڵەی پێوەدەکرێت، ئەمەش بووەتە هۆی گرانبوونی کاڵاکان.
مەسعود، هاونیشتمانییەکی دیکەی تارانە و پێشبینی دۆخێکی خراپتر دەکات ئەگەر شەڕ رووبدات: "ئەگەر جەنگ هەڵگیرسێت، 100٪ بەهای دراوەکەمان زیاتر دادەبەزێت. بۆ ئێمە کە خەڵکی ئاسایین، ژیان قورستر دەبێت. بە بڕوای من دانوستانێکی سەرکەوتوو باشترین ئەنجام دەبێت."
بەپێی دوایین داتای ناوەندی ئاماری ئێران، تێکڕای رێژەی هەڵاوسانی ساڵانە لەو وڵاتە گەیشتووەتە 52.6%. پار نزیکەی 31%ـی دانیشتووان لە خوار هێڵی هەژاریدا بوون، بەڵام چاوەڕوان دەکرێت بەهۆی بەرزبوونەوەی هەڵاوسان و دابەزینی توانای کڕینەوە، رێژەکە بۆ ئەم ساڵ زیاتر بێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ