گەشتوگوزاری سۆران: لە پێنج رۆژی پشووەکانی جەژن زیاتر لە 70 هەزار گەشتیار سەردانی سنوورەکەیان کردووە

07-05-2022
رێبوار عەلی
A+ A-
  
رادیۆ دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران دەڵێت، ژمارەی سەردانیکار و گەشتیاران لە رۆژانی جەژن و رۆژانی دواتر بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی سنوورەکە گەیشتووەتە 70 هەزار کەس و ئەو گەشتیارانەشی کە دێنە ناوچەکە 85٪ـی گەشتیاری باشوور و نێوەڕاستی عێراقن.
 
بارزان محەممەد، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، "هەروەک پێشبینیمان دەکرد و چاوەڕوان بووین گەشتیارێکی زۆر لە ماوەی رۆژانی جەژن و دواتر سەردانی هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیان کردووە بە هەر چوار قەزای سۆران، رواندز، مێرگەسۆر و چۆمان. خۆشبەختانە پێشبینییەکانمان بە زیادەوە هاتە دی بە جۆرێک رۆژانە سەرووی 10 هەزار گەشتیار هاتوونەتە سنوورەکەمان و تەنیا لە سێیەم رۆژی جەژن رێژەکە نزیک بووەوە لە 20 هەزار گەشتیار و سەردانیکار، بە گشتیش ژمارەی هاتنی گەشتیاران گەیشتووەتە زیاتر لە 70 هەزار کەس".
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران گوتی: ''ئێمە هاوئاهەنگی بەردەواممان لەگەڵ کۆمپانیا گەشتوگوزارییەکاندا هەیە و لە هەوڵی بەردەوامداین لەگەڵیان و هانیان دەدەین بۆ ئەوەی هاوئاهەنگی باشمان لەگەڵ کۆمپانیاکاندا هەبێت تاوەکو بتوانین رێژەی گەشتیاری بەرەو زیادبوون ببەین، بۆئەم مەبەستەش ساڵانە دوو دیداری گەشتیاری لەگەڵ پێشانگا نێودەوڵەتییەکانی بەغدا ئەنجامدەدەین بۆ ئەوەی بتوانین ئەو کێشە و ئاریشانەی لەنێوان کۆمپانیا گەشتیارییەکان و هەرێمی کوردستاندا هەن چارەسەری بکەین. 
 
بەگوتەی بارزان محەممەد، ئێستاش خزمەتگوزارییە گەشتیارییەکان لەڕووی شێوازی پێشوازییەوە زۆر باشتر بووە لە جاران، کەپرە گەشتیارییەکان و شوێنی حەوانەوە بەردەوام لە زیادبووندان و پێشبینی دەکەن ساڵی 2022 ژمارەی هاتنی گەشتیاران بگاتە 2 ملیۆن گەشتیار.
 
بەشی زۆری ئەو گەشتیارانەی سەردانی سۆران دەکەن، زیاتر روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی، بێخاڵ، گەلی عەلی بەگ، جوندیان، دۆڵی ئاڵانە، شنگلبانە، کۆڕەک، سەکران، دۆڵی ئاکۆیان و وەرتێ لە قەزای رواندز دەکەن.
 
لەبارەی هۆشیاری گەشتیاران و بۆ پاراستنی ژینگەی ئەو ناوچانەی رووی تێدەکەن، بارزان محەممەد گوتی: "دوو جۆر گەشتیار هەن، بەشێکیان گەشتیارە شاخەوانییەکانن کە بەمەبەستی گەشتی شاخەوانی سەردانی ناوچەکەمان دەکەن، ئەوان زۆر هاوکار و هەماهەنگن، بەڵام بەشێک لە گەشتیارانی دیکە هاوکار نین و دژە ژینگەن و بوونەتە هۆی لەناوچوونی گوڵ و گژوگیای ناوچەکە وەکە چۆن لە چەند رۆژی رابردوو کارەساتێکی سرووشتیان لە 'گۆمی فێڵاو دروستکرد و ژینگەی ناوچەکەیان بە تەواوی پیسکرد، ئێمە تاوەکو درەنگانی شەو خەریکی خاوێنکردنەوەی شوێنەکە بووین و زیاتر لە 100 کیسەی خۆڵمان لە پاشماوەی گەشتیاران کۆکردەوە، ئێستاش تیمێکی تایبەتمان لەوێ داناوە بۆ ئاگاداربوون و پاراستن و پاکڕاگرتنی ژینگەی ئەو ناوچەیە".
 
بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری سۆران سەبارەت بە نرخی شوێنە گەشتیارییەکان دڵنیایی دەدات و دەڵێت، "بەردەوام چاودێریی نرخەکان دەکەین و داواش لە گەشتیاران دەکەین لە هەر شوێنێک هەستیان بەوە کرد نرخەکان بەرزن و قۆرخکاری تێدایە با لەڕێگەی ژمارە تەلەفۆنەکانمانەوە پەیوەندیمان پێوەبکەن تاوەکو بەدواداچوون بکەین و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکەین، وەک چۆن پێشتر بەم هۆیەوە چەندین شوێنی گەشتیاریمان سزاداوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە