شارەوانیی سلێمانی: مەیدانی ئاژەڵانی شارەکە داخرا

07-05-2023
نازەنین گۆران
A+ A-
 

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانییان داخستووە، چونکە ئەو شوێنەی مەیدانەکەی لێبووە شوێنی نیشتەجێبوونە و هاونیشتمانیان بەردەوام بەهۆی بۆنی مەیدانەکە سکاڵایان تۆمارکردووە، بڕیاریشە بەمزووانە مەیدانێکی نوێ لە دەرەوەی ماستەرپلانی سلێمانی دروست بکرێت. 
 
رۆژی شەممە 06-05-2023 زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی لە نێو ماڵاندایە و دوو پڕۆژەی نیشتەجێبوونیشی لێ نزیکە، زەوی مەیدانەکەش زەوی نیشتەجێبوونە، بۆیە داخرا."
 
بەگوتەی گوتەبێژی شارەوانیی سلێمانی، مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی نافەرمی بووە و دەڵێت: "بڕیارە مەیدانێکی نوێ لە دەرەوەی ماستەرپلانی سلێمانی کە دەکەوێتە قەرەگۆل لە نزیکی عەربەت بە تەواوی خزمەتگوزارییەکانەوە دروست بکرێت."
 
مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دەکەوێتە ناوچەیەکی نزیکی دانیشتووانەوە. بۆ ئەو مەبەستە لە 2007ەوە لە قەرەگۆل شوێنێک وەک مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دیاریکرا بۆ ئەوەی بۆ ئەو شوێنە بگوازرێتەوە. 
 
زەردەشت رەفیق دەڵێت، چەندینجار هاونیشتمانییان سەردانی شارەوانیی سلێمانیان کردووە و سکاڵایان لەسەر مەیدانی ئاژەڵان تۆمارکردووە و داوایان کردووە دابخرێت، چونکە بۆنی ناوخۆشی بڵاوکردووەتەوە بۆ گەڕەکەکانی دەورووبەری.
 
بەڕێوەبەرایەتی شارەوانیی سلێمانی لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "داخستنی مەیدانی ئاژەڵان لە ناوچەی نیشتەجێبوون، گەورەترین خزمەتە بە تەندروستی ئێستا و ئاییندەی هاووڵاتییانی شاری سلێمانی و بەتایبەت گەڕەکەکانی دەوروبەری. لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان، ماوەیەکی زۆرە لە هەوڵداین بۆ ئەوەی مەیدانی ئاژەڵان بگوازرێتەوە بۆ شوێنێکی گونجاو و تەندروست. ئێستا مەیدانێکی نوێ بە شێوەیەکی مۆدێرن و بەپێی ستانداردە جیهانییەکان دروست دەکرێت و خزمەتگوزاری تەواوی بۆ دابیندەکرێت."
 
شارەوانیی سلێمانی گوتیشی: " لەماوەیەکی کەمدا دوو پڕۆژەی گرنگمان لەو سنوورە جێبەجێکردووە: یەکەم، لە کۆتایی ساڵی رابردوو خزمەتگوزاری دروستکردنی تۆڕی ئاوەڕۆی سندووقیمان خستە بواری جێبەجێکردنەوە و کۆمپانیای جێبەجێکار کارەکانی نزیکبووەتەوە لە تەواوبوون. دووەم، چۆڵکردنی مەیدانی ئاژەڵان و گواستنەوەی."
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بەفربارین لە هەرێمی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر- ئەرشیفی رووداو

سبەی یەکەم رۆژی زستانە

ئەمڕۆ دوایین رۆژی وەرزی پاییزە و سبەی یەکەم رۆژی زستان دەستپێدەکات. کەشناسێک دەڵێ، وەرزەکە 88 رۆژ و 23 کاژێر دەبێ. کەشناسیی هەرێمی کوردستانیش رایگەیاند، سبەی پلەی گەرما هاوشێوەی ئەمڕۆ دەبێت و ئاسمان دەبێتە هەوری تەواو.