رووداو دیجیتاڵ
ڤییدیۆکلیپێک بۆ یادی سری سورەییا ئۆندەر بڵاوکرایەوە کە ئاواز و هۆنراوەی سەڵاحەدین دەمیرتاشە.
رۆژی سێشەممە، 6ی ئایاری 2025، گۆرانییەک بە شێوەی ڤیدیۆکلیپ بە ناونیشانی ''شا قوڵینگ'' بۆ یادی سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی شەممە، 3ی ئایاری 2025 کۆچی دواییکرد، بڵاوکرایەوە.
گۆرانییەکە بە زمانی تورکییە و ئاواز و هۆنراوەکەی لەلایەن سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە دانراوە.
گۆرانییەکە لەلایەن هونەرمەند پنار ئایدنڵار گوتراوەتەوە، تەنیا دوو دێڕ بە دەنگی دەمیرتاش تۆمارکراوە؛ ڤیدیۆکلیپەکە لە دەرهێنانی سەزگین کارتاڵە، کوتساڵ ئەڤجیمەنیش کاری داڕشتنەوەی میوزیکی بۆ کردووە.
دەمیرتاش جگە لەم گۆرانییە، چەند بەرهەمێکی دیکەیشی هەن کە ئاواز و هۆنراوەکانی لەلایەن خۆیەوە دانراون، وەکو گۆرانیی گەلان، ئێمە رەنجدەرین، مەترسە هاوار بکە، بەرگە بگرە دایکە، ئێمە برسیی ئازادین و باڵندە تەرەبووەکان.
گۆرانییەکە بە زمانی کوردی:
غەرقی نێو ئەم دەردانە مەبە
سۆراخی ئێمە لە کێوە سپییەکان بکە
ئێمە شا قوڵینگی ئاسمانین
پۆل پۆل دەنیشینەوە
وەرە بۆ مەیدان، بۆ مەیدان
مەیدانەکان بۆ تۆ تەنگەبەرن
تووند تووند دەستم بگرە
با بڕۆین بۆ سەرهیڵدان
گەڤەر، چەلێ، شەمزینان
چاوی لە رێمانە پەرچەلان
دەبین بە باران و دادەبارین
هەم نیعمەتین، هەم تۆفان
وەرە بۆ مەیدان، بۆ مەیدان
مەیدانەکان بۆ تۆ تەنگەبەرن
تووند تووند دەستم بگرە
با بڕۆین بۆ سەرهیڵدان
لە زیندانەکان ئەوینم هەیە
لە چیاکانیش پەپوولە
من لە کفنێکی مۆر بپێچن
تا فریشتەکان بمناسنەوە
وەرە بۆ مەیدان، بۆ مەیدان
مەیدانەکان بۆ تۆ تەنگەبەرن
تووند تووند دەستم بگرە
با بڕۆین بۆ سەرهیڵدان
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ