بافڵ تاڵەبانی: حیزب دەستوەردان لە كارەكانی دەسەڵاتی دادوەریدا دەکات

07-06-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری لەژێر پرسیاردایە و حیزب دەستوەردان لە كارەكاندا دەكات، پێیوایە ئەمەش پێشهاتێكی مەترسیدارە و دەبێت رێگریی لێبكرێت. لەبارەی هەڵبژاردنیش دەڵێت: "كات ماوە و دەتوانرێت بە سازان پرسەكە یەكلایی بكرێتەوە، كە ئەمەش خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی کوردستانە".
 
رۆژی چوارشەممە، 7-6-2023، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەگەڵ ئەلینا رۆمانۆسکی، باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە.
 
‏‎لە کۆبوونەوەکەدا وەکو لە راگەیێندراوی نووسینگەی سەرۆکی یەکێتیدا هاتووە؛ دوایین گۆڕانكارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەكانی هەرێمی کوردستان و عێراق گفتوگۆیان لەبارەوەكرا و جەخت لە بەردەوامیی دیالۆگی نیشتمانی و بونیادنەرانە كرایەوە بەئامانجی چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی سەقامگیریی ناوچەكە.
 
لە دیدارەکەدا‏ بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستان بەگشتی و پرسی هەڵبژاردن و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری رایگەیاند: "سیاسەت و ستراتیژیی یەكێتی سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردن روونە و لەسەرەتاوە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووین، بەڵام هەڵبژاردنێكی بێگەرد و دوور لە دەستوەردان. ئەمەش بە یاسایەكی نوێ و كۆمیسیۆنێكی بەهێز دەكرێت، نەوەك یاسایەك دەرفەت بۆ هەڵبژاردنێكی رووكەش بڕەخسێنێت، ئێستاش كات ماوە و دەتوانرێت بە سازان پرسەكە یەكلایی بكرێتەوە كە ئەمەش خواستی زۆرینەی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی کوردستانە."
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە دیدارەکەدا باس لە پرسی دادوەری کراوە و بافڵ تاڵەبانی گوتوویەتی: "بەداخەوە سەروەریی دەسەڵاتی دادوەری لەژێر پرسیاردایە و حیزب دەستوەردان لە كارەكاندا دەكات، ئەمەش پێشهاتێكی مەترسیدارە و دەبێت رێگریی لێبكرێت".
 
‏‎لەبارەی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا و هەوڵە ئەرێنییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، سەرۆکی یەکێتی گوتوویەتی: "كاری پێكەوەیی لەگەڵ دۆستەكانمان لە بەغدا و فراوانكردنی هاوكاری و هەماهەنگییەكان لەبوارە جیاوازەكاندا، فاكتەری بەهێزبوون و مانەوەمانە وەك قەوارەیەكی بەهێز و خزمەتكردنی زیاتری خەڵكەكەمان."
 
‏‎هەر لە دیدارەکەدا سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەبارەت بە دۆخی نێوخۆیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە "ئەو دۆخە سیاسییەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان هاتووەتەئاراوە، نەوەك خزمەت بە هیچ لایەنێك ناكات، بەڵكو لە سیاسەت و حوكمڕانییەكی تەندروست دوورمان دەخاتەوە، ناشتوانین كۆتایی بەو دۆخە بهێنین ئەگەر واز لە عەقڵیەتی سەپاندن و تاكڕەوی نەهێنین و پێكەوە لەپێناو بەدیهێنانی بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان كار نەكەین."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە