سەندیکای دەرمانسازان: کۆلێژی دیکەی دەرمانسازیمان ناوێت

07-07-2021
جووتیار قارەمان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت کە دەتوانن دەرمانساز بۆ هەموو هەرێمی کوردستان دابین بکەن و کۆلێژی دیکەی دەرمانسازییان ناوێت، کەچی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەر کۆلێژی ئەهلیی دەرمانسازی دەکاتەوە.
 
لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا کە ئاسۆ سەراوی پێشکەشی کرد، باس لە گرفتەکانی بەردەم کاری کارمەندانی تەندروستی و هەموارکردنەوەی یاساکەیان کرا کە هەریەکە لە د. باریف زاهیر، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی هەرێمی کوردستان؛ هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی و حەسەن مارف، ئەندامی تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی بەشدار بوون.
 
د. باریف زاهیر، سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازانی هەرێمی کوردستان گوتی: "ئێستا شەش کۆلێژی دەرمانسازی لە هەرێمی کوردستاندا هەن و دەیکەن بە نۆ. وەزارەتی تەندروستی دەڵێت: 'کۆلێژی دەرمانسازیمان ناوێت.' کەچی وەزارەتی خوێندنی باڵا هەر کۆلێژی ئەهلی دەکاتەوە. ئێمە هەر هاوار دەکەین و دەڵێین بەسە دەتوانین بەشی هەموو هەرێمی کوردستان دەرمانساز دابین بکەین، کەچی هەر کۆلێژی ئەهلی دەکەنەوە. باشە ئەم هەموو دەرچووە بۆ کوێ بەرین؟ ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵا کێشە دروست دەکات."
 
سەرۆکی سەندیکای دەرمانسازان ئاماژەی بەوە دا کە ئەوان تاوەکو ئێستا نزیکەی هەزار و 200 دەرمانسازی دانەمەزراویان هەیە کە حکومەت لە بنکە تەندروستییەکانی دەرەوەی شار و شوێنە دوورەدەستەکاندا پێویستی پێیانە و دایاننامەزرێنێت. 
 
رۆژی سێشەممە 2021/07/06 دکتۆر رەهێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی باسی لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند کە بە مەبەستی رێکخستنەوەی کەرتی تەندروستی لە هەردوو کەرتی گشتی و تایبەتدا بە ھاوکاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ سەندیکای کارمەندانی تەندروستیی کوردستان خەریکی نووسینی رەشنووسێکن لە رێگەی پرۆژەیاسای "دەستدانە پیشەی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی دوای دەوامی فەرمی" کە پرۆژە یاسایەکە شێوازی کارکردنی پەرستاران و کارمەندانی تەندروستی رێک دەخات.
 
هاوژین عوسمان، سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی رایگەیاند: "یاسای ژمارە 9ی ساڵی 1999 هەندێک کەموکورتیی تێدایە بە تایبەتی لەبارەی کەرتی تایبەتەوە کە تایبەتە بە کاری کارمەندانی تەندروستی لە دوای دەوامی حکومی. لەم یاسایەدا کارمەندانی تەندروستی بە گشتی بە کارمەندی تەندروستی ناو دەهێنرێن، لە کاتێکدا کارمەندی تەندروستی یەک پیشە نییە؛ لە سەندیکاکەی ئێمەدا 13 پیشە هەیە."
 
بە گوتەی سەرۆکی لقی سلێمانیی سەندیکای کارمەندانی تەندروستی، زۆرترین کێشەی ناو وەزارەتی تەندروستی رووبەڕووی کارمەندانی تەندروستی دەبێتەوە، لەبەر ئەوەی یاساکە کەموکورتیی تێدایە و دەڵێت: "ئێمە پار لە هەولێر بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆنفرانسێکمان بۆ ئامادەکردنی رەشنووسێک بۆ چۆنیەتیی کارکردنی کارمەندانی تەندروستی لە دوای دەوامی فەرمی رێک خست."
 
حەسەن مارف، ئەندامی تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتیش گوتی: "لە ساڵی 2014وە کەرتی تەندروستی بەرەو قەیرانێکی زۆر قووڵ دەڕوات. سیستەمی تەندروستی کێشەی زۆرە و پێویستی بە گۆڕانکارییە."
 
باس لەوە دەکرێت کە بەشێک لە دەرمانسازان بڕوانامەکەیان بە بە کارمەندانی تەندروستیی خاوەنی دەرمانخانە دەفرۆشن و خۆیان ناچنە سەر دەرمانخانەکان.
 
حەسەن مارف، ئەندامی تۆڕی پاراستنی تەندروستیی گشتی گوتی: "دەرمانسازان نزیکەی شەش ساڵ دەخوێنن و ماندوو دەبن تا بڕوانامەیەک بە دەست دەهێنن و بتوانن دەرمان بفرۆشن، بەڵام زۆرینەیەک مۆڵەتەکانیان بە بڕێک داوە بە کرێ و خۆیان لە ماڵەوە دانیشتوون."
 
د. هاوژین عوسمانیش پشتگیریی ئەم بۆچوونەی کرد و گوتی: "بەڵێ، ئەمە هەیە و بەڵگە هەیە. کاتی خۆیشی قسەمان لەسەری کردووە و تا رادەیەک هەوڵی چارەسەرکردنی دراوە."
 
د. باریف زاهیر گوتی: "یاسای ئێمە لەسەر شێوازی بەریتانییە و رێگە نادات جگە لە دەرمانسازان کارمەندانی تەندروستی دەرمان بدەن بە نەخۆش. تەحەدا دەکەم لە سلێمانیدا یەک دەرمانخانە هەبێت کە دەرمانسازی تێدا نەبێت."
 
لە هەرێمی کوردستاندا نزیکەی 40 هەزار کارمەندی تەندروستی هەن. لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانیدا نزیکەی نۆ هەزار کارمەندی تەندروستی هەن. لە پارێزگای سلێمانیدا نزیکەی 10 هەزار کارمەندی تەندروستی لە زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکان دەرچوون و دانەمەزراون جگە لە زانکۆ و پەیمانگە ئەهلییەکان.
ا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

پیسبوونی کەشوهەوای ورمێ

ژینگەی ورمێ: هەوای ورمێ و مەهاباد ناتەندروستە

جێگری بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ رایگەیاند، پێنوێنی کواڵیتیی هەوای شارەکانی ورمێ و مەهاباد بەرزبووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستی "ناتەندروست"، بۆیە داوا لە هاونیشتمانییان دەکات وریا بن.