رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ لە کاژێر 04:00ـی ئێوارەوە بۆ 12ـی شەو رێگەی چۆمان تاوەکو سپیلک بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان قەدەخەیە، گوتەبێژی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش دەڵێت، ئامانجیان نەهێشتنی قەرەباڵخییە لەسەر رێگەکە، لەکاتێکدا گەشتیارێکی زۆر سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن.
رۆژی هەینی، 7ـی تەممووزی 2023، موقەدەم موحسین شەمزینی، گوتەبێژی هاتووچۆی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ لە کاژێر 04:00ـی ئێوارەوە بۆ 12ـی شەو رێگەی چۆمان تاوەکو سپیلک بۆ هاتووچۆی بارهەڵگرەکان قەدەخەیە؛ چونکە گەشتیارێکی زۆر سەردانی ناوچانە گەشتیارییەکانی سنوورەکە دەکەن و بارهەڵگرەکانیش دەبنە هۆکاری قەرەباڵخی زیاتر و مەترسی رووداوی هاتووچۆ".
ئەو رێگەیەی قەدەخەی هاتووچۆی تێدا راگەیێندراوە چەند سەیرانگەیەکی لەسەرە، کە دیارترینیان هاوینەهەواری گەلی عەلی بەگ، بێخاڵ و جوندیانن، رۆژانە گەشتیارێکی زۆری هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق سەردانی ئەو ناوچانە دەکەن.
گوتەبێژی هاتووچۆی سۆران ئاماژەی بەوەکرد، ئەمڕۆ وەکو ئەزموونی بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆی بارهەڵگریان داوە و ئەگەر هەیە لە هەفتەی داهاتووەوە قەدەخەکە بکەنە دوو رۆژ، رۆژانی پێنجشەممە و هەینی لە هەمان ماوەدا هاتووچۆی بارهەڵگر قەدەخە بکەن.
موحسین شەمزینی باسی لەوەشکرد، ئەمڕۆ لە کاژێر 04:00ـەوە لە چۆمانەوە رێگە نادەن هیچ بارهەڵگرێک بەرەو سپیلک بڕوات و لە سپیلکیش مەفرەزەی هاتووچۆ دادەنێن، کە هەر بارهەڵگرێک لەو ناوچەیەدا بێت رێگەی هاتووچۆی پێنەدەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ