چاوەڕێدەکرێت ئەمساڵ لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان 430 هەزار تۆن بەرهەمی گەنم هەبێت

07-07-2023
دروێنەی گەنم لە سنە
دروێنەی گەنم لە سنە
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دروێنەی گەنم لە پارێزگای ورمێ تازە دەستپێدەکات. لە ناوچە گەرمەسێرەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان زیاتر لە مانگێکە دروێنەی گەنم دەستیپێکردووە، بەڵام لە پارێزگاکانی ورمێ و سنە و هەندێک ناوچەی کرماشان، لە سەرەتای هاوینەوە دەست بە دروێنە دەکرێت.
 
پێشبینی کراوە ئەمساڵ لە هەموو ئێران 12.5 تاوەکو 13 ملیۆن تۆن گەنم بەرهەمبێت. 27٪ی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەبێت. بەپێی پێشبینیی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کشتوکاڵ، ئەمساڵ پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان سێ ملیۆن و 430 هەزار تۆن گەنمیان دەبێت. 
 
پێشبینیکراوە لە لوڕستان 380 هەزار تۆن، لە ئیلام 350 هەزار تۆن، لە کرماشان 875 هەزار تۆن، لە سنە یەک ملیۆن تۆن و لە ورمێ 825 هەزار تۆن گەنم بەرهەم بێت. جووتیاران دەڵێن، بەو نرخەی ئەمساڵ بۆ کڕینەوەی گەنم دیاریکراوە، هیچیان بۆ نامێنێتەوە. 
 
حکومەتی ئێران هەر کیلۆ گەنمێک بە 15 هەزار تمەن لە جووتیاران دەکڕێتەوە. جووتیاران دەڵێن، تەنیا ئەو کەسانە مایە باش دێننەوە کە خاوەن زەوی و کەرەستەی کشتوکاڵی بن، ئەوانی دیکە بەو نرخە زیانیش دەکەن. 
 
ئەمساڵ یەک ملیۆن و 748 هەزار هێکتار زەویی کشتوکاڵی لە رۆژهەڵاتی کوردستان کراونەتە گەنم. 101 هەزار هێکتار کەمتر لە پار. هەرچەندە بەرهەمی گەنم بەراورد بە پار نزیکەی یەک ملیۆن تۆن زیادیکردووە، بەڵام بەشێک لە جووتیاران دەڵێن، واز لە بەرهەمهێنانی دەهێنن بەهۆی ئەوەی قازانجی نەماوە. 
 
لە ئاستی گشتیی ئێراندا، پێنج ملیۆن و 950 هەزار هێکتار زەویی بەرئاو و دێم کراوەتە گەنم و پێشبینی کراوە 12.5 تاوەکو 13 ملیۆن بەرهەمیان هەبێت. پێداویستیی ساڵانەی ئەو وڵاتە 11 تاوەکو 12 ملیۆن تۆنە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە