رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، کارەبای ناوەندی هەولێر بووەتە 24 کاژێری و ئێستا کار بۆ دەوروبەری دەکرێت.
رۆژی دووشەممە 7ی تەممووزی 2025 ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پڕۆژەی رووناکی هەموو گەڕەکەکانی ناوەندی شاری هەولێری گرتووەتەوە، سنووری 150 مەترییش تەواو بووە، ئێستا کار دەکرێت تاوەکو دەوروبەری هەولێریش بکرێتە 24 کاژێری."
لە وەرزی هاویندا، بە دیاریکراوی لە مانگەکانی تەممووز و ئاب، بەهۆی بەرزیی پلەی گەرما خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت. بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، پێدانی کارەبا لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازە، "مانگی حوزەیران، 12 بۆ 15 کاژێر بە جیاوازیی ناوچەکان کارەبا لە هەرێمی کوردستان هەبووە."
پڕۆژەی رووناکی، کار دەکات بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاژێری و بڕیارە تاوەکو کۆتایی ساڵی داهاتوو لە هەموو هەرێمی کوردستاندا کارەبای 24 کاژێری دابین بکات.
کارەبای 24 کاژێری لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدایە، کە 17ی تشرینی یەکەمی 2024 لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیێندرا.
لە هەرێمی کوردستان 4000 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، لە کاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە 6,500 مێگاواتە. ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزار هاوبەشی تێپەڕاندووە.
نرخی کارەبای 24 کاژێری
نرخی کارەبای 24 کاژێری بەپێی خەرجکردنی کیلۆوات، کە مانگی 5 یەکەم مانگە بەو نرخە کە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەسندی کردووە و جێگیر کراوە بەم شێوەیە:
1 بۆ 400 کیلۆوات: 72 دینار
400 بۆ 800 کیلۆوات: 108 دینار
800 بۆ 1200 کیلۆوات: 175 دینار
1200 بۆ 1600 کیلۆوات: 265 دینار
1600 بۆ سەرەوە: 350 دینار
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ