بەردانەوەی ئاو لە تورکیاوە بۆ عێراق سوود بە بەشێکی باشووری کوردستان دەگەیێنێت

07-07-2025
سۆران حوسێن
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە سەرەتای ئەم مانگەوە تورکیا بەردانەوەی ئاوی بۆ عێراق زیاتر کردووە. بەگوتەی لایەنی پەیوەندیدار بۆ رووداو، لە هەرێمی کوردستان بەشێکی پارێزگای دهۆک سوود لەو ئاوە وەردەگرێت. 
 
5ـی ئەم مانگە، خالید شیمال، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەردانەوەی ئاوی دیجلە لەلایەن تورکیاوە 200 مەتر سێجایە لە چرکەیەکدا چاوەڕوانین زیاتر ببێت".
 
ئەمڕۆ دووشەممە بەرپرسێکی ئاو لە دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەردانەوەی ئاوەکە ناگاتە بەنداوی دهۆک، بەڵام زۆرینەی دەورووبەری دهۆک بۆ ئاوی خواردنەوە سوود لە بەنداوی دهۆک وەردەگرن، ئەو ئاوە بەربدرێتەوە گوشاری سەر دهۆک کەمتر دەبێت".
 
هەر ئەمڕۆ، رەحمان خانی، بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەنداوی مووسڵ و بەشێکی دهۆک سوود لە بەردانەوەی ئاوەکە دەبینن، ئەگەرنا پارێزگاکانی دیکەی هەرێمی کوردستان ئەو ئاوەیان پێ ناگات".
 
بەرپرسێکی باڵا لە بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەکانی ئاو بە رووداوی گوت: "ئەگەر لە عێراق هاوینێکی سەخت و بێ ئاو هەبێت کاریگەریی نەرێنی گەورەی لەسەر هەرێمی کوردستانیش دەبێت، بەڵام بەردانەوەی ئاو لە تورکیاوە بۆ عێراق بەردەوام بێت بۆ هەرێمی کوردستانیش زۆر باشە".
 
1ـی تەمموزی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە ئەنقەرە کۆبوونەوە.
 
بەگوێرەی نووسینگەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، دوای گەیاندنی زانیاری لەبارەی کاریگەرییەکانی کەمئاوی لە عێراق، تورکیا بڕیاری دا 420 مەتر سێجا ئاو لە چرکەیەکدا لە ئاوی رووباری دیجلە بەربداتەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گوتی، "بەردانەوەی ئاوی دیجلە لەلایەن تورکیاوە دەستیپێکردووە، بەڵام هێشتا بە روونی کاریگەرییەکەی دیار نییە، چونکە خێرایی ئاوەکە 50 بۆ 60 کیلۆمەترە لە کاژێرێکدا."
 
عێراق ساڵانە و بەتایبەت لە وەرزی هاویندا رووبەڕووی کەمیی ئاو دەبێتەوە، چونکە زیاتر لە 70%ی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە دەرەوەی وڵاتەوەیە.
 
رووباری دیجلە لە باکووری کوردستان هەڵدەقوڵێت و دواتر دێتە نێو باشووری کوردستان و عێراقەوە، دواجار دەڕژێتە نێو شەتولعەرەب.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

شاهۆ عوسمان، جێگری پارێزگاری سلێمانی

جێگری پارێزگاری سلێمانی: هاوئاهەنگییەکەی تۆڕی میدیایی رووداو کارەکانی باشتر کرد

جێگری پارێزگاری سلێمانی ستایشی رۆڵی تۆڕی میدیایی رووداو دەکات لە بەهاناوەچوونی زیانلێکەوتووانی لافاوەکەی سنووری چەمچەماڵ و دەڵێ، ئەو هاوئاهەنگییەی رووداو دروستی کرد، کارەکانی گەورەتر و باشتر کرد؛ ئاماژە بەوەش دەکات، قەرەبووەکە ماڵ، کاسبکار، ئۆتۆمبێل و فەرمانگە حکومییەکانیش دەگرێتەوە.