رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک دەڵێت، ئاوارەکان بە بارودۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن، چونکە هاوکاریی رێکخراوەکان بۆ کەمپەکان 80% کەمی کردووە. دەشڵێت: "لە ماوەی 11 ساڵی رابردوودا نزیکەی 100 هەزار منداڵ لەنێو کەمپەکاندا لەدایکبوون".
رۆژی پێنجشەممە، 07ـی ئابی 2025، پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ساڵێکە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان لەلایەن عێراقەوە بە بیانووی نەبوونی پارە وەستاوە. چەند جارێکیش بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە، بەڵام وەڵامیان نەداوینەتەوە."
لە چەند ساڵی رابردوودا ئاوارەکانی کەمپەکان پشتیان بە هاوکاری مرۆیی رێکخراوەکان دەبەست، بەڵام بە گوتەی پیر دەیان جەعفەر، ئەو هاوکاریانە بەراورد بە رابردوو 80% کەمیان کردووە، ئەمەش دۆخی ئاوارەکانی سەخت کردووە.
لە ساڵی 2014دا داعش هێرشی کردە سەر شنگال و زیاتر لە 360 هەزار کەس ئاوارە بوون. بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەرانی دهۆک گوتی: "لەوە کاتەوە نزیکەی 100 هەزار منداڵ لەنێو کەمپەکان و دەرەوەی کەمپەکانی سنووری پارێزگای دهۆک لەدایکبوون؛ %51یان لە رەگەزی نێرن."
بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان، هێشتا نزیکەی 200 هەزار دانیشتووی شنگال لە ئاوارەییدا دەژین.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ