لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی: پابەندبوون بە رێنماییەکان نزیکەی 95٪ـە

07-08-2025
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایدەگەینێت، مانگی رابردوو زیاتر لە 6 هەزار سەردان و بەدواداچوونیان هەبووە و دەستیان بەسەر زیاتر لە 47 تۆن خۆراک و کاڵای بەسەرچوودا گرتووە. دەشڵێت، رێژەی پابەندی گەیشتووەتە نزیکەی 95٪.
 
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، کە میوانی بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو بوو، رایگەیاند، لە رێگەی 47 لیژنەوە چاودێری بازاڕ، فرۆشگە و شوێنە گشتییەکان دەکەن، تەنیا مانگی رابردوو 386 شوێن بەهۆی سەرپێچییەوە پسوولەی سزایان بۆ کراوە. 
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی گوتی، لەو سەردانانەدا 201 شوێن ئاگادارکردنەوەیان پێدراوە و 7 شوێنیش بەهۆی بەردەوامی سەرپێچی و پابەند نەبوون بە رێنماییەکانەوە داخراون.
 
گۆران قادر ئاماژەی بەوەدا، سەرەڕای دەستبەسەرداگرتن و سزادانی ئەو شوێنانەی سەرپێچییان کردووە، بەڵام بەشێکی زۆری شوێنەکان پابەندبوونێکی بەرچاویان بە رێنماییە تەندروستی و بازرگانییەکانەوە هەبووە و رێژەی پابەندبوون نزیکەی 95٪ بووە. هەروەها دەڵێت، چەندین فرۆشگە، مارکێت و خاوەنکار خۆیان لیژنەکانیان ئاگادارکردووتەوە لە بوونی کاڵای بەسەرچوو لە کۆگاکانیاندا و داوایان کردووە کە لەناویان ببەن.
 
گۆران قادر گوتی، لیژنەکانیان بەوردی بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایانە دەکەن کە لەلایەن خەڵکەوە تۆمار دەکرێن و هەر سەرپێچییەک بسەلمێندرێت، سزای یاسایی بەرامبەر بە شوێنەکە دەگیرێتەبەر.
 
یەکێک لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی تایبەتە بە ئەو شەمعانەی کە لە وەرزی هاوین سوودی لێدەبینرێت بۆ دابینکردنی ئاو. بەرپرسەکەی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، بەشێک لەو شەمعانە مۆڵەتییان هەیە و پشکنین بۆ ئاوەکانیان دەکرێت، ئەو تانکەرانەشی ئاو بۆ ماڵان دەبەن، دەبێت مەرج و رێنماییەکانی فەرمانگەی ئاوی سلێمانی جێبەجێ بکەن.
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە کاتی بینینی هەر سەرپێچییەک، بە زووترین کات لیژنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە