رووداو دیجیتاڵ
سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا دەڵێت، "ئامانجی سەرەکیی تورکیا لە بۆردوومانەکان، تێکدانی ژێرخانە مەدەنییەکانی رۆژئاوای کوردستانە و زۆرینەی کێڵگەکانی نەوت کراونەتە ئامانج."
رۆژی شەممە، 07-10-2023، نەسردەین ئیبراهیم، سکرتێری پارتی دیموکراتی کورد لە سووریا - ئەلپارتی، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە جەعفەر موبەشرنیا پێشکێشی کرد رایگەیاند، "بەهۆی بۆردوومان و هێرشی تورکیا، کارەبای قامشلۆ بە تەواوی بڕاوە و وێستگەکان زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە و ئێستا بۆ دابینکردنی کارەبا، موەلیدە بەکاردەهێنرێت."
نەسرەدین ئیبراهیم، ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی تورکیا لەو هێرشانە، تێکدانی ژێرخانەکانی رۆژئاوای کوردستان و لاوازکردنی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرە. گوتیشی، ''بەداخەوە تائێستا وڵاتانی جیهان و ناوچەکە، دەنگی ئێمە نابیستن و سەرجەم لایەنەکان بێدەنگن.''
لە 4ـی تشرینی یەکەمەوە، تورکیا بە درۆن چەندین ناوچەی رۆژئاوای کوردستانی بۆردوومان کردووە و وێستگەکانی کارەبا، کێڵگەکانی نەوت، نەخۆشخانە و وێستگەکانی ئاوی کردووەتەوە ئامانج. سکرتێری ئەلپارتی باسی لەوە کرد، ''ناوچەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نەماوە کە هێرشی نەکرێتەسەر، سەرجەم لایەنەکان وەکو ئێران، رژێمی سووریا و رووسیا دەیانەوێت ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لاواز بکەن.''
تورکیا دوای هێرشێک بۆ سەر ئاسایشی گشتی لە ئەنقەرە، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر شەڕڤانان و ژێرخانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان و گەریلا لە هەرێمی کوردستان چڕکردووەتەوە.
هێرشەکە رۆژی 1ـی تشرینی یەکەم بوو، کاتێک دوو کەس لەبەردەم ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە ئەنقەرە لە ئۆتۆمبێلێک دابەزین؛ یەکێکیان خۆی تەقاندەوە و ئەوی دیکەش لەلایەن پۆلیسەوە تەقەی لێکرا و کوژرا. لە هێرشەکەدا دوو پۆلیسی تورکیا بریندار بوون.
تورکیا باس لەوە دەکات، کە دوو هێرشکەرەکە لە ناوچەکانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرەوە چووبوونە تورکیا، بەڵام بەرپرسانی هەسەدە ئەوە رەتدەکەنەوە.
نەسرەدین ئیبراهیم ئەوەشی خستەڕوو، "ئەستەمە تورکیا لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکەدا هێرشی زەوینی بکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان، ئەوەش بەهۆی هەڵوێستی وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمریکا، رووسیا و هاوپەیمانان کە هێزێکی زۆریان لە ناوچە جیاجیاکانی ژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و سووریا هەیە."
تاوەکو ئێستا ئەمریکا بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان هەڵوێستێکی روونی فەرمی نەبووە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لەوبارەوە بە رووداوی گوت، "نیگەرانن لەو کردە سەربازییانەی لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێن بە تایبەتیش ئەوانەی ژێرخانە مەدەنییەکان دەکەنە ئامانج.''
سکرتێری ئەلپارتی پێیوایە، ئەمریکا لە رێگەی گوشار بۆ سەر تورکیا، هەوڵی وەستاندنی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکە دەدات. گوتیشی، ''ئامانجی ئۆپەراسیۆنی تورکیا، تێکدانی هاوپەیمانییەکەی نێوان بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر، ئەمریکا و هاوپەیمانانی نێودەوڵەتییە کە ناوچەکەی [رۆژئاوای کوردستان] لە مەترسییەکان پاراستووە.''
بەپێی راگەیێندراوی هەسەدە، گوندەواری باشووری عەفرین، ناوچەی شەهبا، منبج، کۆبانێ، عەین عیسا، تل تەمر، زرکان، حەسەکە، قامشلۆ، عامودێ، تربەسپیێ، جەل ئاغا و دێرک، ئەو ناوچانەن کە لەلایەن دڕۆنەکانی تورکیاوە بۆردوومانکراون و ''جگە لە کوژرانی خەڵکی سڤیل و سەربازی، برینداربوونی دەیان کەسی دیکەی لێکەوتووەتەوە."
بەگوتەی نەسرەدین ئیبراهیم، "دانیشتووانی قامشلۆ و گوندەواری دەوروبەری، شوێنی خۆیان جێنەهێشتووە و هاتووچۆی نێوان شار و گوندەکان بەردەوامە، تەنیا رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کارەکانیان وەستاندووە کە پێشتر لە کەمپەکان هاوکاریی ئێمەیان دەکرد.''
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ